ئیسڕائیل دەست بۆ ئاو و کارەبای غەزە دەبات

“وتارەکەی حەسەن نەسڕوڵا دروشمبازی بوو”

964+

ژووری هەواڵ

چەند میدیایەکی عەرەبی ئەمڕۆ لە بارەی وتارەکەی حەسەن نەسروڵای ئەمینداری حیزبوڵای لوبنانی نووسیویانە و دەڵێن لەناو خەڵکی بێهیواییەکی زۆر دروست بووە، چونکە چاوەڕوانکرابوو هەڵوێستەکانی بەهێزتر بن و تەنیا هەڕەشە و دروشمبازی نەکات.

سەرچاوەکانی حەماس دەڵێن: فڕۆکەکانی ئیسرائیل دەستیان کردووە بە بۆردومانی عەنبارەکانی ئاو و و ئەو پالێتانەی لە وزەی خۆر کارەبا بەرهەم دەهێنن، بۆ ئەوەی هیچ سەرچاوەیەکی ئاو و کارەبا لە غەزە نەمێنێت.

ئیسرائیل داوا لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەت دەکات پلانی گەشتەکانیان بۆ دەرەوە رێکل بخەنەوەو تا دەتوانن پاسپۆرتی ئیسرائیلی نەخەنە بەرچاو و ئامادە بن بۆ هەر بارێکی لەناکاو.

رۆژنامەی پۆلەتیکۆی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە فەرمی داوای لە سوپای ئیسرائیل کردووە بۆیان روون بکاتەوە کە بۆچی ئۆردوگای جەبالیای لە غەزە بۆردوومان کردووە و ئەو هەموو خەڵکە سیڤیلە تێداچوون؟

وەزارەتی دەرەوەی هیندۆراس رایگەیاند: باڵیۆزی خۆی لە تەلئەبیب بانگکردووە بۆ ئەوە گفتوگۆ بکەن لەسەر ئەو بارودۆخە مرۆییە سەختەی لە غەزە هەیە.

شەوی رابردوو هێرش کراوەتە سەر دوو بنکەی سوپای ئەمریکا لە حەسەکە و لە نزیک کێڵگە نەوتییەکانی دێرزور، بەڵام هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.

دەسەڵاتدارانی میسر رایانگەیاند ئەمڕۆش رێگە دەدەن کۆمەڵێکی دیکە لە هاوڵاتیانی بیانی غەزە جێبهێڵن و بچنە خاکی میسرەوە، ئەوانەی ئەمڕۆ ئەمریکی و بەریتانی و فەرەنسی و ئەڵمانی تێدایە، هەروەها 55 میسریش دەچنەوە وڵاتی خۆیان.