کۆمیسیۆن داوای چارەسەرکردنی گرفتەکان و وادەی هەڵبژاردن دەکات

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم دەیەوێت بۆ چوارەم جار داوای دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان بکات. کۆمیسیۆنەکە دەڵێت؛ داواش دەکەین “گرفتەکانمان چارەسەر بکرێن.”

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ٢٤ـی شوباتی ئەمساڵدا رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریی کرد، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکانەوە ئەنجام نەدرا.

رۆژی ٩ـى تشرینى یەکەمى ٢٠٢٢ش، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانى تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ درێژ کردەوە.

شیروان زرار، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم بە +964ـی وت: دوای پشووەکانی سەری ساڵ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆدەبێتەوە بۆ جاری چوارەم پەرلەمان لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن ئاگادار دەکەینەوە.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم خۆشی لە بۆشایی یاساییدایە و پێویستی بە کاراکردنەوەیە لە لایەن پەرلەمانەوە.

“ئێمە داوای چارەسەرکردنی گرفتەکان لە پەرلەمان دەکەین، کە بریتییە لە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن و دابینکردنی بوودجە بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردن”، شیروان زرار وای وت.