تیمەکانی شارەوانی دارەکانت بۆ دەچێنن
بە هەزاران دار بەسەر گەڕەکەکانی هەولێر دابەشدەکرێن
964+
فەهمی نەبی
ئەندازەی پارکەکانی هەولێر رایگەیاند، بڕیاریانداوە تا سەری ساڵ زیاتر لە 18 هەزار دار بەسەر شەش شارەوانیەکەی هەولێر دابەشبکەن.
سەروەر وەیسی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە 964ی وت، بڕیارە پرۆسەی دابەشکردنی ئەو رێژە دارەی ئامادەکراوە تا سەری ساڵ کۆتایی بێت، بەجۆرێک بۆ هەر ماڵێک یەک دار یان دوو داری پێدەدرێت.
بەوتەی سەروەر وەیسی، بڕیارەکە بە زۆرە ملێ نییە، کۆڵان بە کۆڵانی ئەو گەڕەکانە دەگەڕێن کە دەستنیشان دەکرێت، هەر ماڵێک بیەوێت تا دوو داری لەبەر دەرگا بۆ دەچێندرێت، تەنانەت ئەگەر تەلەفون بۆ شارەوانی گەڕەکەکانیش بکرێت بۆیان دەبردرێت.
ئەو دارەی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دابەشیدەکات، لەجۆری (برەخت تەتۆنیا)یە، جۆرێکی دارە کە بەرگەی ساردی و گەرمی دەگرێت و رێژەیەکی زۆری ئۆکسجینی هەیە لەگەڵ ژینگەی هەولێر بە تەواوی گونجاوە، ئەمەش بە گوێرەی بڵاوکراوەی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر.