قایمقامیەت: دەبێت بیگەڕێننەوە
“مۆلیدە ئەهلییەکانی دوزخورماتوو پارەی زیادە وەردەگرن”
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
گرانی نرخی ئەمپێڕی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان لە دوزخورماتوو بووەتە جێگەی نیگەرانی هاوڵاتیان، قایمقامیەت دەڵێت، “هەر خاوەن مۆلیدەیەک پارەی زیادەی وەرگرتبێت دەبێت بۆ هاوڵاتیانی بگەڕێنێتەوە”.
هەڵکەوت محەمەد، هاوڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی کۆماری دوزخورماتووە، بۆ 964ـی روونکردەوە، مانگی نۆ بۆ هەر ئەمپێڕێک قایمقامییەت شەش هەزار دیناری وەرگرتووە، بەڵام خاوەن مۆلیدەکەیان هەشت هەزار دیناری بۆ هەر ئەمپێڕێک وەرگرتووە.
یەکێک لە مۆلیدە ئەهلییەکان راستی قسەکانی هەڵکەوت محەمەد دەسەلمێنێت و دەڵێت، ئەو گازەی پێیان دەدرێت بەشیان ناکات.
ناسیح فایەق، خاوەنی یەکێک لە مۆلیدە ئەهلییەکانی ناو دوزخورماتوو بە 964ـی وت، “ئەو نرخەمان لا پەسەند نییە کە قایمقامییەت دایدەنێت و دەبێت زیاتر بێت، هەروەها ئەو گازەشی پێمان دەدرێت بەشمان ناکات”.
دوزخورماتوو 74 مۆلیدەی هەیە و بە قسەی خاوەن مۆلیدەکان بێت مانگی رابردوو 160 کاتژمێر کارەبایان داوە، بەڵام دەڵێن قایمقامیەت 120 کاتژمێری بۆ هەژمار کردوون
قایمقامییەتی شارەکە ئاگاداری بابەتەکەیە.
“بڕیارە سبەینێ دووشەممە لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە دروست بکرێت و ئەو خاوەن مۆلیدانە دیاری دەکەین کە سەرپێچیان کردووە و پارەی زیادەیان لە هاوڵاتیان وەرگرتووە”، ئەوە قسەی حەسەن زەینولعابدین، قایمقامی دوزخورماتووە بۆ 964.
دەشڵێت، بە تووندترین شێوە سزا دەدرێن و دەبێت ئەو پارە زیادەیەش بۆ هاوڵاتیان بگەڕێننەوە کە وەریانگرتووە.
شەقام و گەڕەکەکانی دوزخورماتوو رووناک کرانەوە
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد