شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
ئەمڕۆ دووشەممە، شاندێکى هەرێمى کوردستان دەچێتە بەغدا و بڕیارە تاوتوێى پرسی خاڵە سنوورییەکان بکات، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، بەدواداچوون بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێت.
شاندەکەی هەرێم کە پێکهاتووە رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆ و ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەرى گشتیى گومرگ، لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا گفتوگۆ دەکەن لەبارەی ئەو کێشانەى پەیوەستن بە پرسی گومرگ و رسووماتى خاڵە سنوورییەکان.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە 964ـی راگەیاند، “ئەمڕۆ لیژنەی دارایی کۆبوونەوە دەکات لەگەڵ ئەو لیژنەیەی لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە پێکهێنراوە بۆ دانوستان لەگەڵ شاندی هەرێم و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بودجە و پابەندی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ”.
پەرلەمانتارێکی عێراق: جیاوازی نێوان هەرێم و بەغدا نزیکەی شەش ترلیۆن دینارە
سەرەتای ئەمساڵ، لە رێکەوتی 23.3.2023، عومەر وائیلی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان رایگەیاند، “ئێمە لەگەڵ هەرێم واژۆمان لەسەر راپۆرتێک کردووە لەو بارەیەوە و تێگەیشتنی ئەرێنی هەبووە لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان”.
یەکێک لە مەرجەکانی ناردنی پشکی هەرێم لە بودجەدا ئەوەیە کە دەبێت 50%ـی داهاتى خاڵە سنوورییەکانی رادەستى وەزارەتى دارایی بکات.