فێستیڤاڵێک بۆ فێرخوازانی جومناستیک بەڕێوەچوو
+ 964
یادگار محەمەد – سلێمانی
فێرگەی جومناستیکی سلێمانی فێستیڤاڵێکی بۆ فێرخوازانی یارییەکە بەڕێوە برد و سەرکەوتووانی خەڵات کرد.
بە مەبەستی دەستنیشانکردنی ئاستی فێرخوازەکانیان، فێرگەی سلێمانی بۆ ماوەی سێ رۆژ، فێستیڤاڵێکی بۆ فێرخوازنی یارییەکە ئەنجام دا، کە 380 فێرخواز لە کوڕان و کچان بەشدار بوون.
هێرش عوسمان، سەرۆکی فێرگەی جومناستیکی سلێمانی بە 964ـی وت، ساڵانە ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە ساز دەکەن بۆ دەستنیشانکردنی ئاستی فێرخوازەکان، ئەم چالاکییەش بۆ ئەو فێرخوازانەیە، کە ماوەی نۆ مانگ لە ژێر مەشق و راهێناندان.
وتیشی، هەر فێرخوازێک دێتە ئەم قوتابخانەیەوە بۆ ماوەی سێ مانگ دەخرێتە قۆناغی تاقیکردنەوەوە، کە پێک دێت لە چەند جوڵەیەکی سەرەتایی وەک هێز و خێرایی و راگرتنی باڵانسی جەستە، دواتر دەخرێتە ئاستێکەوە کە بۆی دیاریکراوە و ئاستەکانی یەکەم و دووەمیش بڕوانامەیان پێ دەدرێت و خەڵات دەکرێن، دواتریش ئامادە دەکرێن بۆ پاڵەوانیەتییەکانی عێراق.
فێرگەی جومناستیکی سلێمانی ساڵی 2019 دامەزراوە و ساڵانە 400 بۆ 500 منداڵ لەم فێرگەیەدا وەردەگیرێن و مەشق و راهێنانیان پێ دەکرێت، ئێستا ئەم فێرگەیە سێ تیپی کچانی هەیە، کە چوار یاریزانیان لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقن و هەروەها چوار تیپی کوڕانیش لەخۆدەگرێت، کە سێ پاڵەوانیان لە ریزی هەڵبژاردەی جومناستیکی عێراقدا یاریی دەکەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا