راستگۆ و ئاڤی دوو هاوسەرە دەم بەخەندەکەی سۆشیال میدیا

964+

پەرستۆ ساڵح

چیرۆکی خۆشەویستی راستگۆ و ئاڤی، ئەو دوو عاشقەی لە رێگای هونەری فۆتۆگرافی و زانستی پزیشکیەوە رۆژانە پەیامی جوان و رێنمایی بە فانەکانیان دەگەیەنن.

هەرچەندە چیرۆکی خۆشەویستیان لە هاورێیەتیانەوە دەستیپێکرد، بەڵام ئەوەی ئەو دوو هاوسەرەی لە سۆشیال میدیا ناساند دەگەڕێتەوە بۆ پێش دوو ساڵ، کاتێک خۆشەویستی راستگۆ بۆ ئاڤی وایکرد لە مۆڵێکی گشتی سلێمانی لە بەردەم خەڵکێکی زۆر بە سوپرایز داوای هاوسەرگیری لێ بکات.

ئێستا ماوەی ساڵێکە ژیانی هاوسەرگیریان پێکهێناوە و سەرەرای جیاوازی زۆری پیشەکانیان توانیویانە پێکەوە وەک دوو هاوسەری بەختەوەر رێگای ژیان بگرنەبەر و ئاڤی دەڵێت، پێم وایە باشترین هەڵبژاردنم هەبووە، چونکە پیشەکەی من وشک و ئاڵۆزە و راستگۆش هونەری.

دکتۆرە ئاڤی لە رێگای سۆشیال میدیاوە رۆژانە رێنمایی تەندروستی و زانستی بڵاودەکاتەوە، چونکە پێیوایە هۆشیاری تەندروستی لەناو ئێمەدا کەمە، بەڵام راستگۆ فێرکاری بڵاودەکاتەوە بۆ ئەو کەسانەی دێنە بواری فۆتۆگرافیەوە.

راستگۆ و ئاڤی بۆ ترێندی 964 ئاشکرای دەکەن کە پرۆژەیەکی هاوبەشیان بەدەستەوەیە و بەنیازن لە داهاتوودا کارێک بکەن ئەزموونی فۆتۆگرافی  و پزیشکی و ڤلۆگەریان بکەنە پرۆژەیەک و پێشکەشی بکەن.