بەردەم وێسەتگەی 10 نیسان لە گەرەکی ئیسکانی کەرکوک. وێنە:964
هێشتا 22%ـی خەڵکی کەرکوک نەوتی وەرنەگرتووە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
بڕیاربوو بە دوو مانگ نەوت لە هەموو شاری کەرکوک دابەشبکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی %22ی خەڵکی شارەکە نەوتی وەرنەگرتووە، ئەو وادەیە درێژکراوتەوە بۆ کاتێکی نادیار.
کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک لەسەرەتای مانگی تەمووزەوە دەستی بە دابەشکردنی نەتی سپی ماڵان کردووە، بەسەر هاوڵاتیان.
کوێستان ئەنوەر هاوڵاتیەکی شاری کەرکوکە بە 964ی وت، لە بەرەبەیانی زووەوە نۆرەی وەرگرتنی نەوتی سپیم گرتووە، بەڵام هێشتا وەرم نەگرتوە، ئەو بەشەی هاتووە بۆ وێستگەکە تەواو بووە.
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای دابەش کردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک بە 964ی وت، چوار رۆژ ماوە بۆ سەری مانگ هاوڵاتیان ئێستا کەوتوونەتە خۆیان بۆ وەرگرتنی نەوت، لەکاتێکدا دوو مانگە نەوت دابەش دەکرێت ئەمەش وەکو ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان.
سەرچاوەکەی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان ئەوەشی وت، ئێستا لەبەر قەرەباڵخی ناچارین کاتەکە درێژ بکەینەوە، تا ئەو بەشەی ماوە نەوت وەربگرێت.
هاوڵاتیان لە شاری کەرکوک ساڵانە سێ بۆ چوار جار نەوت وەردەگرن، هەرجارێک 100 لیتر وەردەگرن، ئەمساڵ وەک ئامادەکاری ئەمە یەکەمجارە نەوت دابەشدەکرێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی