پاڵەوانیەتی مەلەوانی عێراق لە دەریاچەی دوکان بەڕێوە دەچێت

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

بڕیارە کۆتایی مانگی داهاتوو پاڵەوانیەتی مەلەوانی بۆ یانەکانی عێراق بهێنرێتە دەریاچەی دوکان.

مەبەست لە پاڵەوانیەتییەکە دەستنیشانکردنی هەڵبژاردەی مەلەوانی عێراقە، بۆ مەلەوانی ماوە درێژە و هەردوو ئاستی کچان و کوڕان دەگرێتەوە.

سەلام حەمەلاو راهێنەری هەڵبژاردەی مەلەوانی عێراق بە 964ـی وت، ساڵانە بۆ دەستنیشانکردنی پاڵەوانانی مەلەوانی لەسەر ئاستی عێراق ئەنجامدەدرێت، تاوەکو باشترینەکان بگەنە ریزی هەڵبژاردەی عێراق.

بەوتەی سەلام حەمەلاو، ساڵانی پێشوو پاڵەوانانی کورد ژمارەیان زۆربوون و هەموو کات بە ژمارەی زۆر ریزی هەڵبژاردەی عێراقیان گرتبوو، بەڵام ئێستا یاریزانانی مەلەوانی کورد ژمارەیان کەم بووەتەوە.

هێشتا ژمارەی ئەو کەسانە دیار نییە کە دەیانەوێت لە پاڵەوانیەتییەکە بەشداری بکەن، بەڵام بڕیارە 22.9.2023 پاڵەوانێتی مەلەوانی ماوەدرێژ کە بۆ پێنج کیلۆمەترە لە دەریاچەی دوکان ئەنجام بدرێت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی