کارگەکانی “خوێ”ى راپه‌ڕین ره‌وانه‌ى تاقیگه‌ كران

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌دواداچوون و پشكنین بۆ ته‌واوى كارگه‌كانى خوێى سنوورى ئیداره‌ى راپه‌ڕین كرا و هه‌ر كارگه‌یه‌ك و نموونه‌یه‌ك له‌ خوێیه‌كه‌ى نێردرایه‌ تاقیگه‌ى پشكنین.

له‌ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى راپه‌ڕین، نزیكه‌ى 20 كارگه‌ى دروستكردنى خوێ هه‌یه‌ و ته‌واوى ئه‌و كارگانه‌ش كه‌وتووونه‌ته‌ سنوورى ناحیه‌كانى چوارقوڕنه‌ و حاجیاوا.

لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی قەزای رانیە، له‌ دوێنێوه‌ سه‌رقاڵى به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى ئه‌و كارگانه‌ن و بۆ هه‌ر كارگه‌یه‌ك و نموونه‌یه‌ك له‌ خوێیه‌كه‌ى نێردراوه‌ بۆ تاقیگه‌ بۆئه‌وه‌ى دڵنیاببنه‌وه‌ له‌ ته‌ندروستبوونى به‌رهه‌مه‌كانیان.

لیژنه‌كان لە به‌دواداچوونه‌كانیاندا له‌ مەرج و رێنماییەکانى ئه‌و كارگانه‌شیان كۆڵیوه‌ته‌وه‌ و ئاگاداریان كردوونه‌ته‌وه‌ كه‌ لە کاتی پابەندنەبوونی خاوەنکاران، رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

کارزان سلێمان، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای رانیە بە 964ـی وت، یه‌كه‌مجاره‌ لیژنه‌كه‌یان سه‌ردانى ئه‌و كارگانه‌ ده‌كات.

وتیشی “چاوه‌ڕێى ئه‌نجامى پشكنینه‌كانى ئه‌و كارگانه‌ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى كوالێتى و ته‌ندروستى به‌رهه‌مه‌كانیان بزاندرێت و بڕیاری پێویست له‌باره‌یانه‌وه‌ بدرێت”.