گومان دەکرێت سەرۆکی ڤاکنەر کوژرابێت

964+
ژووری هەواڵ

فڕۆکەیەک لە هەرێمی تڤێر لە رووسیا کەوتە خوارەوە و 10 کەسی تیابووە کە هەموویان گیانیان لەدەستداوە، ئاژانسی فڕۆکەوانی ئەو وڵاتە دەڵێت، یاڤگنی پریگۆژین سەرۆکی ڤاگنەر ناوی لە لیستی سەرنشینانی فڕۆکەکەدا هەبووە.

چەناڵی Grey Zone لە تەلەگرام کە نزیکە لە گروپی ڤاکنەر، دەڵێت، دانیشتووانی ناوچەکە بەرلەوەی فڕۆکەکە بکەوێتە خوارەوە گوێیان لە دوو دەنگ بووە، گومانی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە فڕۆکەکە کرابێتە ئامانج.

ئاژانسی فڕۆکەوانی رووسیا رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا تەرمی تەنیا چوار سەرنشینی فڕۆکەکە دۆزراونەتەوە.

ئەپڵیکەیشنی FlightRadar24 کە شوێنپێی فڕۆکەکان هەڵدەگرێت نیشانی نادات ئەو فڕۆکەیە لەکوێوە هەستاوە و بەرەو کوێ چووە، بەڵام دەنگۆکان دەڵێن گەشتەکەی لە مۆسکۆوە بەرەو سانپترسبۆرگ بووە.

ڤاگنەر گروپێکی کەرتی تایبەتی سەربازی رووسیا بوو، زیاتر لە ساڵێک هاوشانی سوپای ئەو وڵاتە شەڕیان لەگەڵ ئۆکراینا کرد.

گروپەکە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە دژی ڤلادمێر پوتین هەڵگەڕانەوە و بەرەو مۆسکۆ رۆشتن، بەڵام دواتر کتوپڕ وەستان و کشانەوە.

لەو دوو مانگەی رابردوودا قسە و باسەکان جیاواز بوون لەسەر پریگۆژین، سەرەتا وادەزانرا لە بیلاروسیا دەژی، بەڵام دواتر دەرکەوت هاتوچۆی سانپترسبۆرگ دەکات لە رووسیا کە زێدی خۆیەتی.