دیمەنی نان و گونک لە یەکێک لە نانەواخانەکانی سلێمانی _ وێنە: 964
قایمقامی دوکان بۆ نانەواخانەکان: کار نەکەن بەدیلتان بۆ دەدۆزینەوە
964+
پێشەوا محەمەد
بەشێک نانەواخانەکانی قەزای دوکان کارەکانیان راگرتووە و قایمقامیش دەڵێت، دەستبەکار نەکەنەوە بەدیلیان بۆ دەدۆزینەوە.
مانگرتنەکە بەهۆی ئەوەوەیە، کە قایمقامیەت پێی وتوون دەبێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە هەشت نان بدەن بە هەزار دینار، لەکاتێکدا ئێستا شەش نان بە هەزار دینارە.
سیروان سەرحەد، قایمقامی قەزای دوکان بە 964ـی وت، “ئێمە بڕیارمان داوە و نانەواخانەکانیشمان ئاگادار کردووەتەوە، کە دەبێت هەشت نان بدەن بە هەزار دینار و بڕیارەکەش دەبێت جێبەجێ بکرێت”.
964 لە قایمقامی دوکانی پرسی، ئاخۆ ئەگەر نانەواخانەکان لە مانگرتن بەردەوام بن چی دەکەن؟ لە وەڵامدا وتی، “ئێمە تا رۆژی دووشەممە چاوەڕێیان دەکەین، ئەگەر دەستبەکار نەکەنەوە ئێمە بەدیلیان بۆ دەدۆزینەوە”.