رێگا خەبات – هه‌ولێر نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه‌

+964

سه‌عید محه‌مه‌د – هه‌ولێر

بریاری نۆژەنکردنەوەی رێگای خەبات – هەولێر به‌ بڕی زیاتر له‌ یه‌ك ملیار دینار دەرچووە، هاتوچۆی هه‌ولێر ده‌ڵێ، “جگه‌ له‌ لە قیرتاوکردنەوەى، هێماکانی هاتوچۆشی بۆ دائه‌نرێت”، قائیمقامی قه‌زاى خەباتیش ده‌ڵێ “هەموو رێکارەکانی دەستپێکردنی نۆژەنکردنەوەی ئه‌و رێگایه‌ تەواو بووه‌، لە زووترین کاتدا دەست پێده‌کرێت”.

فازل حاجی، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، بە +964ی راگەیاند، “ئەوە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا دەست دەکرێت بە نۆژەنکردنەوەیەکی سەرتاسەری رێگای هەولێر – خەبات، کە خۆی دەبینێتەوە جگه‌ له‌ قیرتاوکردنەوەو هێڵکاریکردن، هێماکانی هاتوچۆ و کۆمەڵێک شتی نوێ و تازەشی بۆ ده‌كرێت”.

وتیشی، “لە ئێستادا ئەو رێگایە بە رێگا هەرە خراپەکه‌ به‌ناوبانگه‌ كه‌ هه‌ولێر بە دەوروبەری دەبەستێتەوە”

دوری نێوان رێگای خەبات – هەولێر نزیکەی 35 کیلۆمەتر دەبێت و یەکێکە لەرێگا سەرەکییەكان کە پارێزگای هەولێر و دهۆک و موسڵ پێکەوە دەبەستێتەوە.