رێگەوبانی سلێمانی 25 پڕۆژەی هەیە بەڵێندەران لێیان وەرناگرن

964+

دیلان محەمەد جەزا

بەڕێوەبەرایەتی گشتی رێگەوبانی سلێمانی 25 پڕۆژەی  بۆ گوندەکان راگەیاندووە، بەڵام هیچ بەڵێندەرێک ناچێت بە دەنگیانەوە.

فواد باقی وتەبێژی رێگەوبانی سلێمانی بە 964ـی وت، تا ئێستا 25 پرۆژەی گەیاندنی شەقامی قیر بۆ گوندەکانی دەورووبەری سلێمانی راگەیەندراوە، بەڵام بەڵێندەرەکان زۆر بە کەمی سەردان دەکەن بۆ لێدانی تەندەر، هەندێکیان پەشیمان دەبنەوە.

پڕۆژەکان بۆ هەریەک لە شارەزوور و گەرمیان و پێنجوێن و شارباژێڕ و چەمچەماڵن، چاوەڕوانی وەرگرتنین لەلایەن بەڵێندەرانەوە، بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هۆکاری نەهاتنی بەڵێندەر بۆ وەرگرتنی پڕۆژەکان بەهۆی نەبونی پارەوەیە، لەبەر ئەوەی زۆرێک لە بەڵێندەرەکان لە ساڵانی رابردوودا پڕۆژەیان جێبەجێ کردووە و پارەیان وەرنەگرتووە.

لە ساڵی 2013ـەوە بەڵێندەر هەیە پارەی پڕۆژەی وەرنەگرتووە، ئەوەش هۆکاری وەرنەگرتنی پڕۆژەکانە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی