وێنەی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵەوانێتی ئاسیا .وێنە:سۆشیال میدیا
لە پاڵەوانیەتی بالەی ئاسیا عێراق لە هۆنگ کۆنگی بردەوە
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی پاڵەوانیەتی بالەی هەڵبژاردەکانی ئاسیا، هەڵبژاردەی عێراق بە سێ سێت بەرامبەر بە دوو سێت سەرکەوت بەسەر هەڵبژاردەی هۆنگ کۆنگ.
بە بەشداری 18 هەڵبژاردە، رکابەرایەتی 22ـەمین پاڵەوانیەتی ئاسیا لە شاری ورمیەی وڵاتی ئێران دەستیپێکرد.
لە یەکەم یاری خۆیدا و لە کۆمەڵەی یەکەم، هەڵبژاردەی عێراق رووبەرووی هۆنگ کۆنگ بووە و یارییەکەشی بە سێ سێت بەرامبەر دوو سێت بردەوە.
یاریزانانی عێراق ئاستێکی بەرزیان پیشاندا و بە ئەنجامی سێ سێت بەرامبەر بە دوو سێت بردنەوەیەکی گرنگی بەدەستهێنا، خاڵی سێتەکانی یارییەکەش بریتی بوون لە (25-21) (25-16) (14-25) (22-25) هەروەها (15-12) بوون.
عەلی تەها، یاریزانی کوردی ریزی هەڵبژاردەی عێراق کە یەکێک بوو لە ئەستێرەکانی یارییەکەی ئەمرۆ لە شاری ورمییەوە لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: هەرچەندە ئامادەکاری باشمان کردووە بۆ پاڵەوانیەتییەکە، بەڵام بە ئاستی تیپی بەرامبەر سەرسام بووین.
وتیشی، “سەرکەوتنێکی گەورەمان تۆمارکردووە و یارییەکی بەهێزترمان لە پێشە کە دەبێت توانای بەرزتر پيشانبدەین”.
هەرچەندە رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە دووەم یاری خۆیدا لە کۆمەڵەکەدا بەرامبەر بە ئێران یاری دەکات، بەڵام بەم سەرکەوتنە هەڵبژاردەی عێراق لە گەیشتنی بە قۆناغی دووەم نزیکە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق