لە خەلیفان ژن و مێردێک بە غازی سۆپای نەوت گیانیان لەدەستدا
964+
ئاسۆ فەیسەڵ و ئاکام غەفور – خەلیفان
ژن و مێردێک، لە ناحیەی خەلیفان بەهۆی غازکردنی سۆپایەکی نەوت لە ماڵی خۆیان گیانیان لەدەستدا.
پەیامنێری 964+ رایگەیاند، ئەمڕۆ ١٤ـی کانونی یەکەم، ژن و مێردێکی بە تەمەن لەناو ماڵەکەی خۆیدا، بەهۆی هەڵچوون و غازکردنی سۆپای نەوتەوە، گیانیان لە دەستدا.
رێباز حەمەدئەمین، یەکێک لە کوڕەزاکانی قوربانیەکان، بە 964+ـی راگەیاند، مام مستەفا، لە نوێژی نیوەڕۆ ئامادە نەبووە، خواردینیشیان بۆ بردوون دەرگایان نەکردووەتەوە، بۆیە چوونەتە ماڵیان سۆراخی بکەن بەڵام هەموو دەرگاکان داخراون، دوای “شکاندنی دەرگا دەچنە ژوورەوە و دەبینن داپیرە و باپیرە گیانیان لەدەست داوە”.
بە وتەی رێباز حەمەدئەمین، کاتێک چوونەتە ماڵەوە بینیویانە لە هەموو ژوورەکان دووکەڵ و غازی سۆپای نەوت هەبووە و بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
مستەفا حەمەدئەمین و زولەیخا مستەفا، ئەو دووهاوسەرەن کە تەمەنیان سەروو ٨٠ ساڵییەو دایک و باوکی سێ کوڕو کچێکن، لە خانوویەک لە ناحیەی خەلیفانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە نزیک ماڵی کوڕەکەیان بەتەنیا دەژیان.
تەرمی ژن و مێردەکە رەوانەی فریاکەوتنی خەلیفان دەکرێن، بەڵام هەردوکیان هەرزوو گیانیان لەدەستدابوو، لە ئێستدا تەرمەکان راونەی پزیشکی دادی سۆران کراون بە مەبەستی دڵنیابوون لە هۆکاری گیانلەدەستدانیان.
حەمەدئەمین مستەفا، کوڕی قوربانییەکان بە 964+ـی راگەیاند، “لە ماڵەوە بووم، نانم خواردبوو، نوێژیشم کردبوو، کاتێک منداڵەکان هاتن وتیان باوکت گیانی لەدەستداوە، کە “چوومە ماڵیان پەستانم خستە سەر سنگی وتم بەشکم هەناسەی بگەڕێتەوە، بەڵام نەگەڕایەوە.”