زیندانەکان جمەیان دێت و داوای لێبوردنی گشتی دەکرێت

+964

فەهمی نەبی _هەولێر

ژمارەیەک پەرلەمانتار، پێشنیازە یاسایەک دەدەنە پەرلەمان بە مەبەستی دەرکردنی یاسای لێبووردنی گشتی. پەرلەمانتارێکیش دەڵێ؛ ژمارەیەکی زۆر زیندانی لە چاکسازی هەن و پێویست دەکات یاسای لێبووردنی گشتییان بۆ دەربکرێت.

“لە پێناو کەمکردنەوەی ئەو فشارانەی لەرووی ژمارەوە لەسەر زیندانەکانی چاکسازی هەیە، پێشنیازی لێبوردنی گشتیمان دایە دەستەی سەرۆکی پەرلەمان”. هیمداد سەباح وای بە +964  وت.

بەپێی بەدواداچوونێکی +964، ژمارەیەک پەرلەمانتار پێشنیازە یاسایەک ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە، رۆژی دووشەممەی رابردوو، لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لەسەر پێشنیازە یاسایەکە کرد.


هیمداد سەباح، پەرلەمانتاری لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ بۆ +964 وتی؛ رەوشی چاکسازیەکان لە ئێستادا پێویستی بە لێبووردنی گشتی هەیە، چونکە ژمارەیەکی زۆر زیندانی لە چاکسازییەکان هەن، بە تایبەت ئەوانەی لە رێگەی سوڵحی عەشایەرییەوە، کێشەکانیان چارەسەرکردووە.
هەروەها وتیشی “لە پێشنیازەکە داوا دەکەین، ئەوانەی سزای لە سێدارەدانیان هەیە و سزاکەیان گۆڕاوە بۆ زیندانی ١٥ ساڵ، دوایی سوڵح لەگەڵ کەس و کاری قوربانی، ئازاد بکرێن”. +964 دەزانێت، لەماوەی ١٠ ساڵدا ، سێ جار یاسای لێبووردنی گشتی دەرچووە، یاسای ساڵی ٢٠٠٧ و یاسای ساڵی ٢٠١٠، بەپێ ی ئەو دوو یاسایە، ئەگەر کەسێک سزای لە سێدارەدانی هەبێت بە تۆمەتی کوشتن، دوای سوڵحی عەشایەری سزاکەی دەگۆڕا بۆ زیندانی هەتا هەتایی، بەڵام هەرچی یاسای ژمارە ٤ ی ٢٠١٧ـیە ئەوا سزاکە گۆڕاوە، ئەوانەی بە سزای لە سێدارەدان حوکوم دراون، ئەگەر ئاشتەوایی لەگەڵ لایەنی قوربانی بکرێت، سزاکە دەگۆڕێت بۆ ١٥ ساڵ زیندانی، بەڵام بەو مەرجەی دواتر هیچ لێبووردنێکی تر نەیگرێتەوە.
بۆ زانینی ئاماری زیندانیان لە هەرێمی کوردستان، +964 پەیوەندی بە ئیحسان عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازانی گەورانی هەولێری کرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.