ئەمەریکا.. پارتی و یەکێتی دەخاتە سەر مێزی کۆبوونەوە

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

لەسەر بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوانیان دواجار ئەمەریکا دەستوەردانی کردو، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی کۆبووەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ـی کانونی یەکەم، ئالینا رۆمانوۆسكی باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان و جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان کۆبووەوە، هەر ئەمڕۆش لە سلێمانی لەگەڵ قوباد تاڵه‌بانى، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێم و سه‌رپه‌رشتیارى مه‌كته‌بی سكرتایه‌تى مام جه‌لال كۆبووەوە.

ئەو سەردانەی باڵوێزی ئەمەریکاو کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی، دوای ئەوە دێت کە ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى پارتى و یه‌كێتى ساردی تێكه‌وتووەو، تیمی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران ناکەن.

هەر لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، پێنجی ئه‌م مانگه‌ به‌رپرسێكى ئه‌مه‌ریكی به‌ ئاژانسی رۆیته‌رزى وتبوو کە “واشنتۆن زۆر نیگه‌رانه‌ له‌و په‌یوه‌ندیه‌ ئاڵۆزه‌ى لەنێوان یه‌كێتى و پارتى دروستبووه”.

هەوڵی ئەمەریکا بۆ ناوبژی، هاوکاتە لەگەڵ گۆڕینەوەی نامەو بروسکە لەنێوان مەکتەب سیاسی هەردوو حزب، قسەش لەسەر ئەوە دەکرێت لە هەفتەی داهاتوو لە ئاستی باڵا کۆببنەوە.