تابلۆی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
کشتوکاڵی هەرێم و عێراق رۆژنامەی کشتوکاڵی یەکدەخەن
+964
هاوبەش ئەبوبەکر
ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدای کرد و لە بارەی یەکخستنی رۆژنامەی کشتوکاڵی، لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆبووەوە.
رۆژنامەی کشتوکاڵی، خشتەیەکی زانیاری تێدایە کە ساڵانە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە بڵاودەکرێتەوە و ناوی قەدەغەکراوەکان و بڕی باجی سەر هەندێک بەروبووم لەخۆدەگرێت، کە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی بەرهەمی نێوخۆیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16.8.2023، هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، “جەخت لەسەر یەکخستنی رۆژنامەی کشتوکاڵی و چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکان و پارێزگاریکردن لە بەرهەمی خۆماڵی جوتیاران کرایەوە، هەروەها جەخت لە پاڵپشتیکردن لە خاوەن پڕۆژەکان و پرۆسەی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق کرایەوە.”.
وەزارەتەکانی کشتوکاڵی هەرێم و عێراق، باسیان لە رووبەرووبونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و کەمئاوی کرد.
بە وتەی هیوا عەلی، “هەماهەنگی و بەرەوپێشچوونی باش هاتووەتەدی، بە ئامانجی زیاتر پێکەوە کارکردن و جەختکردنەوە لەسەر چارەسەرکردنی کێشه هاوبەشەکان لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژی و پارێزگاری و برەودان بە ئاسایشی خۆراک و ئاو”.