ئەمرۆ قۆناغی کۆتایی جاددەکانی ناحیەی خانکێ بوو و هەمووی قیرتاو کرا
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
بە گوژمەی 549 ملیۆن دینار حەوت شەقامی ناحیەی خانکێ قیرتاو کراون، بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، پلانمان هەیە بۆ قیرتاوکردنی رێگەی گوندەکانیش.
حەوت شەقامەکەی خانکێ درێژییەکەیان کیلۆمەترێک و 600 مەترە، ئاوەڕۆ و رەسیفیش بۆ بەشێک لە شەقامەکە کراوە.
پڕۆژەکە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای دهۆک بۆ ناحیەی خانکێی سەر بە قەزای سێمێل ئەنجامدراوە.
حەوت جاددەی ناوخۆیی لە ناحیەی خانکێ ئەمرۆ قیرتاو کران و خەرجیەکەی لەسەر بودجەی تایبەتی پارێزگای دهۆکەوە بووە
زەردەشت شێخ شامۆ، بەرێوبەری ناحیەی خانکێ بە 964ی وت، پلانمان هەیە چەندین شەقام و کۆلانی دیکەی ناحیەکەش قیرتاو بکەین، هاوکات رێگای گوندەکانیش.
زیاتر وتیشی “شارەوانی دهۆک لەماوەی رابردوودا بە بەهای ملیاێک و 18 ملیۆن دینار زەوی فرۆشتووە، پارەکە ئامادەیە و بڕیارە چوار کیلۆمەتر لە سنووری ناحیەکە قیرتاو بکرێت”.
ناحیەی خانکێ، دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای دهۆک و سەر بە قەزای سێمێلە، ژمارەی دانیشتووانی زیاترە لە 22 هەزار کەسە و 13 گوندی بەسەرەوەیە و نزیکەی 60 هەزار کەس ئاوارە و پەنابەری لە کەمپەکانی سنوورەکە نیشتەجێن.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق