100 تەختیه‌ك چارەی دۆخى ته‌ندروستى شێخان ده‌كات

964+     

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بڕیاره‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا ده‌ست به‌ دروستكردنى نه‌خۆشخانه‌یه‌كی 100 ته‌ختى بۆ ناوه‌ندى قه‌زاى شێخان بكرێت، به‌ڵام قایمقام ده‌ڵێت، دروستكردنه‌كه‌ى ماوه‌ى سێ ساڵى پێده‌چێت.

یه‌كه‌مجاره‌ پڕۆژه‌ى نه‌خۆخشخانه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ له‌ شێخان كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت و سەردار یەحیاى، قایمقامیش بۆ 964 ئه‌وه‌ پڕۆژه‌یه‌ به‌یه‌كێك له‌ پڕۆژه‌ گه‌وره‌ و ستراتیژییه‌كانى قه‌زاكه‌ى ناوده‌بات.

قایمقامى قەزا شێخان، روونیكرده‌وه‌ پڕۆژه‌كه‌ له‌سەر بودجه‌ى پارێزگاى نەینەوا جێبه‌جێ ده‌كرێت، وتیشی “له‌ بودجه‌ى ساڵه‌كانى 2023 ، 2024 و 2025 پشك بۆ دروستكردنى ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ دانراوه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، دروستكردنه‌كه‌ى به‌ سێ قۆناغ تێده‌په‌ڕێت و بودجه‌ى 76 ملیار دینارى بۆ ته‌رخانكراوه‌.

قایمقام دووپاتى كرده‌وه‌، به‌ دروستكردنى ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ دۆخى ته‌ندروستیان باشتر ده‌بێت و چیتنر نه‌خۆشیه‌كانیان بۆ هه‌ندێ چاره‌سه‌ر روو له‌ موسڵ و دهۆك ناكه‌ن.