دیمەنی باڵەخانەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی _ وێنە: 964
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: سیستمی پریپەید گران بێت دەیدەینە داواکاری گشتی
964+
دیلان محەمەد جەزا
دوای دەربڕینی ناڕەزایەتی بەشێک لە دانیشتوانی سیتیەکانی سلێمانی بەرامبەر گرانی نرخی کارەبای نیشتمانی، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر ئەو بابەتە کۆبووەوە، بە کۆی دەنگ دژی ئەو بڕیارەی وەزارەتی کارەبان.
ئازاد ئەحمەد سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964ـی وت، هەنگاوی یەکەم رێکاری ئیداری و یاسایی دەگرنەبەر، ئەنجومەنی پارێزگا و لیژنە تایبەتمەندەکان کۆدەبنەوە و یاداشتێک ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی کارەبا دەکەن.
“گەر وەڵامێکی ئەرێنی درانەوە ئەوا دەستخۆشیان لێدەکەین، گەر وەڵامەکە نەرێنی بوو ئەوا وەک ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەتوانن ئەوپرسە بدەنە داواکاری گشتی”، سەرۆکی ئەنجومەنەکە وای وت.
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەپێی مادەی 5 لە بڕگەی 6 و 8ـی دەسەڵاتی دەرکردنی رێنمایی و پەیڕەویان هەیە لە سنوری دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگادا، کاتێک بڕیاردرا دەبێت حکومەتی خۆجێیی پارێزگای سلێمانی بڕیارەکە جێبەجێبکات.
بابەتی گرانکردنی نرخی کارەبا لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە، لە پارێزگای دهۆک لەبەر ئەوەی لە سەرەتاوە ناڕازی بوون هێشتا نرخەکە کەمترە.
لە یاداشتەکەیاندا، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نرخی دیارینەکردووە، دەڵێت “هەلومەرجی دارایی هاوڵاتیان لەبەرچاو بگیرێت، سیستمەکە هاوڵاتی نەکاتە کرێچی”.
بە قسەی ئازاد ئەحمەد ئەو نرخەی دیاریکراوە بەبێ ئاگاداری ئەنجومەنی پارێزگاکان بووە، وتیشی، “خەڵکی زۆر پسپۆڕ و شارەزا لەو بابەتەدا نەبووە، پێدەچێت ئەو بابەتە لەلایەن هەندێک کۆمپانیای بەرژەوەندی خوازەوە پێشنیار کرابێت”.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا، تا ئێستا ملیۆنێك و 300 هەزار پێوەری زیرەک لە تەواوی هەرێمی كوردستان بەستراون، بەمەش 92%ـى هاوبەشان پێوەرەكەیان بۆ بەستراوە و ئامادەن بۆ ئەوەی بكرێنە سیستمی پریپەید.