سبه‌ی شاندی هه‌رێم ده‌چێته‌وه به‌غدا
+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
پێشه‌وا هه‌ورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبه‌ی سێشەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات، هه‌فته‌ی داهاتووش شاندێك بۆ گفتوگۆی یاسای نه‌وت و غاز رووده‌كه‌نه به‌غدا.
پێشەوا هەورامانی، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه به 964ی راگەیاند، گفتوگۆی شاندی هەرێم و حکومەتی عێراقی له‌سه‌ر یاسای بودجە دەبێت و هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ کردووە، بۆیه چاوەڕێی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەکەین.
وتیشی، موچەی فه‌رمانبه‌ران ئەولەوییەتی حكومه‌ته.
هه‌ورامانی هەروەها باسی ئه‌وه‌ی كرد، یەکشەمەی داهاتوو بڕیاره شاندێکی حکومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ له باره‌ی یاسای نەوت و غاز بچنە بەغدا.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، هەرێمی کوردستان دەیەوێت دەستوور بنەما بێت لە بابەتی یاسای نەوت و گاز.
“سێ لایەنی سەرەکی لە یاسای نەوت و غازدا گفتوگۆ دەکەن، حکومەتی هەرێم، حكومه‌تی عێراق و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان”، هه‌ورامانی وای وت.
شەممەی رابردوو 5.8.2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ جێگرانی سەرۆک وەزیران کە هەردوو وەزیری دەرەوە و وەزیری نەوتن، لەسەر پرسی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز کۆبوونەوە و به دوو پێشنیاز گه‌یشتن، كه بریتیبوون له پێکهێنانی لیژنەی چاودێری لەسەر بابەتەکە و رێکخستنی کۆبوونەوەکانی داهاتوو، هه‌روه‌ها لەسەر هەردوولایە رەشنووسی کار پێشکەش بکەن لە رێگەی لیژنەکانەوە بۆ خستنەڕووی دونیابینیان لەسەر رەشنووسی یاسی نەوت و غاز، بۆ تاوتوێکردنیان بۆ گەیشتن بە کۆتا رەشنووسی یاساكه.