رۆژین ئەکرەم بەردەوامە لە بردنی نازناوەکان

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

رۆژین ئەکرەم لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و نازناوی تێنسی پێنجوێنیشی بەدەستهێنا.

بەسەرپەرشتی فیدراسیۆنی تێنسی سەر زەوی عێراق و بە هاوکاری لقی سلێمانی، پاڵەوانیەتییەکی تێنسی سەر زەوی لە قەزای پێنجوێن کۆتایی هات.

رۆژین ئەکرەم، پاڵەوانی خولەکە بە 964ـی وت، کردنەوەی ئەم جۆرە پاڵەوانیەتییانە گرنگە بۆ یاریزانانی تێنس، لەبەر ئەوەی ئەتوانن لەم پاڵەوانیەتییانەدا ئاستی خۆیان پێشبخەن.

وتیشی، ئاستی پاڵەوانیەتییەکە بەرزبوو، رکابەرییەکان تا دوا یاری بەهێزبوون و ئەم جۆرە پاڵەوانیەتییانەش ئامادەکارییەکی باشە بۆیان بۆ رکابەرییەکانی عێراق.

لەم پاڵەوانیەتیتەدا کە بۆ ئاستی جووت بوو 18 یاریزان بەشداریان کردبوو دابەشی سەر دوو کۆمەڵە کرابوون، دوای بەرێوەچونی رکابەرییەکان هەریەک لە رۆژین ئەکرەم و ئارارات عەبدوڵا لە یاری کۆتایدا بە دوو سێتی بێ وەڵام سەرکەوتن بەسەر بەهرۆز عومەر و زانیار رەئوف و نازناوەکەیان بەدەستهێنا و رۆژین ئەکرەم لە مێژووی ژیانی وەرزشی خۆی 19 هەمین نازناوی دەستەبەرکرد.

پێداچوونەوە: توانا نەقی