بالەی عێراق بە سێ یاریزانی کوردەوە دەچێتە پاڵەوانیەتی ئاسیا

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

هەڵبژاردەی بالەی عێراق، بە سێ یاریزانی کوردەوە بەشداری پاڵەوانیەتی وڵاتانی ئاسیا دەکات.

بڕیارە لە نێوان رۆژانی 19 تا 26ـی ئەم مانگە و لە شاری ورمییەی وڵاتی ئێران، 22 هەمین پاڵەوانیەتی بالەی هەڵبژاردەکانی ئاسیا بە بەشداری 18 وڵات کە بەسەر شەش کۆمەڵەدا دابەشکراون رکابەرییەکانی بەڕێوەبچێت.

عەلی تەها، یاریزانی کوردی ریزی هەڵبژاردەی عێراق بە 964ـی وت، ماوەی دوو مانگە دەستیان بە ئامادەکاری کردووە بۆ ئەو پاڵەوانیەتییە.

وتیشی، لە لیستی یەکەمی ناوەکاندا ئەوان وەک پێنج یاریزانی کورد بوونیان هەبوو، بەڵام راهێنەر لە پێکهاتەی کۆتایی دوو یاریزانی دوورخستەوە کە یەکێکیان بەهۆی پێکانەوە بوو.

لە پاڵەوانیەتی ئاسیا هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی یەکەم شان بەشانی هەڵبژاردەکانی ئێران و هۆنگ کۆنگ یاری دەکات، خالید ساڵح ی راهێنەری هەڵبژاردەی بالەی عێراق، 14 یاریزانی لە لیستی کۆتایدا بۆ پاڵەوانیەتییەکە دەستنیشانکرد، کە سێ لەو یاریزانانە کوردن و پێکهاتوون لە عەلی تەها و محەمەد مەحمود لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و نەوزاد شێرزاد لە یانەی هەولێر.

پێداچوونەوە: توانا نەقی