هۆکارەکانی زمان قوتدانەوە چین؟
964+
ئەحمەد عەبدوڵا
ئەو رووداوەی کە خەڵکی پێی دەڵێن زمان قوتدانەوە لە راستیدا گرژبوونی ماسولکەکانی زمانە کە ئەوەش وا دەکات زمان گەورە بێت لەناو دەم و بۆری هەناسەدان بگرێت، گەر کەسی توشبوو بە خێرایی چارەسەری بۆ نەکرێت دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی.
هۆکارەکانی گرژبوونی زمان:
1- بەرکەوتنی زەبرێکی بەهێز و لەناکاو بە کەلەی سەر و لەرینەوەی مێشک.
2- دابەزینی لە پڕی رێژەی شەکری ناو خوێن ئەوەش بەهۆی ماندووبوونی زۆر یان راکردنی لەناکاو روودەدات و زیاتر یاریزانان تووشی ئەو حاڵەتە دەبن.
3- بوونی جیاوازییەکی زۆر لە نێوان پۆتاسیۆم و سۆدیۆمی ناو خوێن بە هەر هۆکارێک بێت.
4- ناڕێکی لە لێدانی دڵ
چۆن گرژبوونی زمان بناسینەوە:
1- کەسی توشبوو دوای بەرکەوتنی زەبرێکی بەهێز دەکەوێتە سەر زەوی حاڵی تێکدەچێت و رەنگی شین هەڵدەگەڕێت.
2- دوای ماندوبوونێکی زۆر کەسی توشبوو دەشڵەژێت و دەنگی دەرنایەت و پاشان دەکەوێتە سەر زەوی.
3- کەسی توشبوو دەست بۆ سک و قورگی دەبات و پاش چەند چرکەیەک دەکەوێتە سەرزەوی.
چارەسەر چییە؟
پێویستە بە زووترین کات چەناگەی کەسی توشبوو بەرزبکرێتەوە و سەریشی بۆ دواوە ببرێت تا زمانی لەسەر بۆری هەناسەی لابچێت و کاتێک هەناسەی دا بخرێتە سەر لا و پێویستە ئەو پرۆسەیە لە 10 بۆ 15 چرکە ئەنجام بدرێت ئەگەر نا ئەگەری گیانلەدەستدانی کەسەکە زۆر زیاد دەکات.
لێرە بە ڤیدیۆ چۆنیەتی چارەسەرکردنی حاڵەتەکە ببینە