بەمەبەستی زیادکردنی بەکارهێنەر
سرێدس هەنگاوی نوێ دەنێت
964+
عادل کانەبی
کۆمپانیای مێتا کە خاوەنی سرێدسە، بەمەبەستی زیادکردنی بەکارهێنەران چەند خزمەتگوزارییەکی نوێی دەخاتە بەردەست بەکارهێنەران.
پلاتفۆرمی سرێدس کە لە ماوەی رابردوو وەک رکابەرێکی سەرەکی تویتەر هاتە ناو ساحەکە، توانی لە ماوەی یەک هەفتە زیاتر لە 100 ملیۆن بەکارهێنەر بەدەستبهێنێت، بەڵام ئێستا وا خەریکە بەشێکی زۆری بەکارهێنەرانی لەدەست بدات.
مارک زۆکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مێتا رایگەیاند، بەمەبەستی زیادکردنی رێژەی بەکارهێنەرانی پلاتفۆرمی سرێدس لە ماوەیەکی نزیکدا چەند خزمەتگوزارییەکی نوێ دەخەینە بەردەست بەکارهێنەران، بۆ نموونە وا لە بەکارهێنەر بکەین کە بتوانن پۆست و بابەتەکانی سرێدس لە رێگەی ئینستاگرامەکەیان شێر بکەن.
کریس کۆکس بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان لە کۆمپانیای مێتا وتی، بۆ ئەوەی وا لە بەکارهێنەر بکەین بەردەوامبێت لە بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکە، بەمزوانە وا دەکەین پۆستە گرینگەکانی سرێدس لە ئینستاگرام دەربکەوێت، ئەمەش بۆ ئەوەی سەرنجی بەکارهێنەر بۆ سرێدس رابکێشین.
شایەنی باسە کە کۆمپانیای مێتا لە ماوەی رابردوو ئەپێکی نوێی بە ناوی سرێدس بۆ رکابەرایەتیکردنی تویتەر خستە بەردەست بەکارهێنەران، کە لە پێنج رۆژی دەستپێکیدا 100 ملیۆن بەکارهێنەری ئینستاگرام ناوی خۆیان تێیدا تۆمارکرد و بە رکابەرێک بۆ تویتەر سەیرکرا، چونکە ئەویش بە هەمان شێوەی تویتەر رێگە بە بەکارهێنەر دەدات نووسین بڵاوبکاتەوە.