ئەمڕۆ گردبوونەوە هەیە

 کارەبا کێشەی کۆمەڵایەتی دروست کردووە

+964
دیلان محەمەد جەزا

دانیشتووانی ئەو سیتیانەی کارەبایان بووەتە پرپەید، هاواریان لێ هەڵساوە، دەڵێن بەهۆی گرانی نرخی کارەباوە کێشەی کۆمەڵایەتی سەریهەڵداوە.

دەژین دڵشاد نوێنەری پاشا سیتی بە 964 وت، لە مانگی 10 ساڵی رابردوودا سیستمی پریپەید کەوتووەتە کار لە سیتیەکەیان، ئەو کات یەکەی کارەبا بە 18 دینار بووە و کێشەی نەبووە.

لە 1/6 ەوە نرخەکەی گران کراوە بۆ 156 دینار، خۆی و هاوسەرەکەی فەرمانبەرن و تەنیا بۆ خەو دەچنەوە بۆ ماڵەوە، رۆژانە بایی حەوت هەزار دینارکارەبایان پێویستە، ئەگەر جلشۆر و ئامێرەکانی دیکە بەکاربهێنن خەرجییەکە زیاتر بەرز دەبێتەوە.

هەندێک جار لە کاتژمێر دوو بەیانیدا کارەبایان لێدەکوژێتەوە، کاتێک یەکەی تێدا نامێنێت، دەبێت تا بەیانی لە گەرمادا باوەشێنی خۆیان بکەن.

“لە هەندێک لە ماڵەکان کێشەی کۆمەڵایەتی لەسەر بەکارهێنانی کارەبا دروست بووە، هەندێک لە ماڵەکانیش بەهۆی گرانی نرخەکەوە بێ کارەبا دادەنیشن”، دەژین دڵشاد نوێنەری پاشا سیتی وای وت.

لە ماوەی رابردوودا کە یەکەی بە 18 دینار بوو، 20 ئەمپێر کارەبایان پێدەدان، ئێستا کە بووە بە 156 دینار یەکەی بڕی 60 ئەمپێر کارەبایان دەدەنێ.

لەسەر ئەم بابەتە سیروان محەمەد وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە 964 ڕاگەیاند، نرخی کارەبا لە وەزارەتەوە دانراوە و لەلای وەبەرهێنانەوە ئەو پڕۆژانە دیاریکراون، کە های کۆستن (تێچووی زۆر) و نرخی کارەبا تێیاندا 156 دینارە بۆ یەکەیەک.

ئەو پڕۆژانەی های کۆستن موەلیدەیان نامێنێت و کارەبای 24 کاتژمێریان دەبێت، پڕۆژە لۆ کۆستەکان (تێچووی کەم) نرخی کارەبا تێیاندا 18 دینار بەرەو سەرەوەیە.

بڕیاره‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ كاتژمێر 08:00 نوێنه‌ری سیتییه‌كانی سلێمانی، له‌ پاشا سیتی كۆببنه‌وه‌ و دواتر كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی بكه‌ن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا