چەمچەماڵ.. کۆڵانەکانی گەڕەکی قەڵا کۆنکرێت دەکرێت

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

کۆڵانەکانی گەڕەکی قەڵا لە چەمچەماڵ کۆنکرێت دەکرێن، سەرۆکی شارەوانیش دەڵێت 40 ملیۆن دیناری تێدەچێت.

بڕیارە لە سبەینێوە دەستبکرێت بە کۆنکرێت کردنی بەشێکی دیکەی کۆڵانەکانی گەڕەکی قەڵا کە دەکەوێتە قەزای ناوەندی چەمچەماڵ کە یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی قەزاکە.

چەند کۆڵانێکی گەرەکی قەڵا لەناوەندی قەزای چەمچەماڵ، کونگرێت دەکرێت

پڕۆژەکە راستەوخۆ لەلایەن ئەندازیارانی شارەوانی چەمچەماڵ ئەنجامدەدرێت و پێشتریش بەشێکی دیکەی کۆڵانەکانی گەڕەکەکە کۆنکرێت کراوە و ئەمە دەبێتە قۆناغی دووەم.

جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە کاتێکدایە فەرمانبەرانی شارەوانی چەمچەماڵ بایکۆتی دەوامیان کردووە، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن بەهۆی ئەوەی پێشتر کاری هەڵگرتنی کۆنکرێتە کۆنەکەیان لە کۆڵانەکان کردووە و ئێستا چەند چاڵێکی گەورەی دروستکردووە کە پێویستی بە پڕ کردنەوە هەیە بەهۆی مەترسیان بۆ سەر گیانی منداڵان، بڕیاریانداوە بایکۆتی دەوام نەکەن.

سەڵاح فایەق، یەکێک لە ئەندازیارانی سەرپەرشتی پڕۆژەکە بە 964ـی وت “چەند رۆژێکە سەرقاڵی پڕۆژەکەین، بەشێک لەماڵەکان بەهۆی ئەوەی بۆری ئاوی خواردنەوەیان زۆر کۆن بوو، ئەم پڕۆژەیەیان بەدەرفەت زانیوە و بۆریەکەیان دەگۆڕن، بۆیە پێدەچێت چەند رۆژێک تاخیر بین”.

دەشڵێت: دەمانەوێت بە باشترین شێوە کۆنکرێتی بکەین بۆ ئەوەی هاوڵاتیان لە وەرزی زستاندا سەلامەت بن، بۆیە سبەی سەرەڕای ئەوەی تەواوی فەرمانبەرەکانمان بایکۆتیان کردووە، بەڵام ئێمە دەوام دەکەین.

گەڕەکی قەڵا، دەکەوێتە پشت قەڵای چەمچەماڵ و یەکێکە لە گەڕەکە کۆن و دێرینەکانی چەمچەماڵ، پێشتریش چەند کۆڵانێکی کۆنگرێت و قیرتاو کراوە لەسەر داهاتی شارەوانی چەمچەماڵ.

ئارام نەجات، سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ بۆ 964 وتی “پڕۆژەکە بەگوێرەی دەرخستە 35 بۆ 40 ملیۆن دیناری تێدەچێت”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق