وەزارەت وەڵامدەداتەوە

تێلیگرام لە هەرێمی کوردستان رادەگیرێت؟

964+
ژووری هەواڵ

وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت، جارێ دیارنییە بڕیاری راگرتنی تێلیگرام هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە یان نا، چاوەڕێی روونکردنەوەی زیاتری وەزارەتی گواستنەوەی عێراقن.

کەمێک لەمەوبەر دیلان رەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان وای بە 964 وت.

لە عێراق راگرتنی تێلیگرام بوو بە راست، ئێستا تەنیا لە هەرێمی کوردستان کار دەکات و لە باقی شارەکانی تری وڵاتەکە جارێ راگیراوە.

دوێنێ شەممە، یەک دوو جار تێلیگرام لە پارێزگاکانی عێراق راوەستا، کەرکوک و خانەقینی خۆشمانی گرتەوە، بەڵام ئیتر ئەمڕۆ بوو بە فەرمی.

وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق کەمێک پێش ئێستا رایگەیاند، پلاتفۆڕمی تێلیگرامیان راگرتووە لەسەر راسپاردەی ”لایەنە باڵاکان” بە چەند هۆکارێک کە پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانی و دزەپێکردنی زانیاریی هاوڵاتیان.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی، ”دامەزراوە دەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار، چەند جارێک داوایان لە کۆمپانیاکە کردووە کە هاوکاربێت لە داخستنی ئەو پلاتفۆڕمانەی هۆکارن بۆ دزەپێکردنی زانیاری دامەزراوەکانی دەوڵەت و هاوڵاتیان، بەڵام کۆمپانیاکە نەهاتووە بە دەنگیانەوە”.