دەردی کشتوکاڵی تینی بۆ جوتیارێکی سنووری قەزای دوکان هێناوە

964+

پێشەوا محەمەد

جوتیارێکی گوندی قەمچوغەی سەر بە قەزای دوکان بە دەست دەردی کشتوکاڵی بەرهەمەکانییەوە دەناڵێنێت و کشتوکاڵی دوکانیش دەڵێت، “چارەسەری ئاسان نییە”.

ئەو جوتیارە خاوەنی 14 خانووی پلاستیکییە، چواریان تەماتەن و 10 دانەی تریشیان کولەکەن.

ئەو دەردانەی تووشی بەروبوومی ئەو جوتیارە بوون بریتین لە پەڵەی رەش و رووتانەوە و دروستبوونی گرێ لە بەرهەمەکاندا.

964 لە زاری هەمزە عومەر عارف، خاوەنی خانووە پلاستیکییەکانەوە دەزانێت، بەرهەمەکانی لە کاتی پێگەیشتندا تووشی ئەو دەردانە دەبن و لەناودەچن.

ناسکە عومەر فەتاح، لێپرسراوی هۆبەی پاراستنی رووەک لە کشتوکاڵی دوکان بە 964ـی وت، “هۆکاری نەخۆشی بەروبوومەکانی ئەو جوتیارە ماندووێتی خاکەکەیەتی، چونکە چەند ساڵێکە ئەو بەیتە پلاستیکیانەی هەیە و هەموو وەرزەکانیش بەرهەمی تێدا کردوون”.

پێشی وایە چارەسەرەکەی ئاسان نییە، “چونکە دەبێت دووبارە خاکەکەی بە پیت بکرێتەوە و خانووە پلاستیکییەکان هەڵبگێڕدرێنەوە”.