کارەبا و ئاو لەسەر گوندێکی هەولێر دەبڕدرێت
964+
فەرمان سادق
کەمێک پێش ئێستا لەلایەن شارەوانی هەولێر، بە پاڵپشتی پۆلیسی شارەوانی، هێزەکانی ئاسایش و زێرەڤانی کارەبای نیشتمانی لەسەر گوندی رەشکین دەبڕن و غەتاسی بیری گوندەکەش دەبەن.
گوندی رەشکین دەکەوێتە نێوان هەردوو شەقامی 100 مەتری و 120 مەتری هەولێر لە سنووری گەڕەکی 32ـی پارک و ژمارەی دانیشتووانیان لەنێوان 120 بۆ 130 ماڵ دەبێت.
نەبەز خەسرۆ، یەکێکە لە دانیشتووانی گوندەکە بە 964ـی وت، کەمێک پێش ئێستا شارەوانی بە پاڵپشتی هێزەکانی پۆلیسی شارەوانی، ئاسایش و زێرەڤانی محاویلەی کارەبای نیشتمانیان برد و بێ کارەبایان کردین، هەروەها غەتاسی بیری گوندەکەشیان برد و ئیدی بێ کارەبا و بێ ئاویان هێشتینەوە.
پرسی گوندی رەشکین، یەکێکە لەو پرسانەی ماوەی ساڵێک زیاترە کێشەیان هەیە بەهۆی ئەوەی گوندەکە کەوتۆتە ناو سنووری شارەوانی و بڕیارە بکرێتە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون، لەسەر ئەو پرسەش ماوەیەکی زۆرە لەسەر قەرەبووکردنەوەی خەڵکەکەی لەلایەن حکومەتەوە کێشە و گرفت هەیە.
دواجار بڕیاردرا کە دانیشتووانی گوندەکە بە دوو پارچە زەوی قەرەبوو بکرێنەوە، پارچە زەوییەک لە گەڕەکی 32ـی پارک و ئەوی دیکە لە پشت تێرمیناڵی هەولێر.
نەبەز خەسرۆ بە 964ـی وت، لە شارەوانی کارتی زەوییەکانمان وەرگرتووە، بەڵام ماوەی دوو مانگە دەستی دەستیمان پێدەکەن و زەوییەکانمان بۆ تاپۆ ناکەن.
زیاتر وتیشی “دوێنێ لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر قسەمان کرد، پێی وتین هەموو شتێک بە دڵی تۆ دەبێت، بەڵام ئەمڕۆ هێزیان ناردە سەرمان و کارەبا و ئاویان لێ بڕین، تاوەکو ئێستاش بەشێک لە هێزەکە لەوێن و نەڕۆیشتوون”.