مه‌ترسی له‌سه‌ر كشتوكاڵ دروستكردووه
رووبارەكەی ئەڵوەن به‌ره‌و وشكبوون ده‌چێت
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
رووبارەكەی ئەڵوەن، كه‌مترین رێژه ئاوى تێدا ماوه‌و خه‌ریكه ده‌بێته گۆڕەپانی یاریكردن، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌نداویش ده‌ڵێت ناتوانن له به‌نداوه‌كه ئاو بۆ ئه‌و رووباره بنێرن.
رووباری ئەڵوەن، دەکەوێتە شاری خانەقین و سەرچاوەکەی لە وڵاتی ئێرانەوە دێت، ته‌نیا لە زستاندا ئاستى ئاوه‌كه‌ى بەرزدەبێتەوە به‌ڵام له‌سه‌ره‌تاى وه‌رزى هاوین دووبارە به‌ته‌واوى وشکدەبێت.
ئەحمەد وەسێن، بەرێوەبەری بەنداوی ئەڵوەن بە 964ـی راگەیاند “رێژەی ئەو ئاوەی لە ئێرانەوە دێت سفرە و ماوه‌ى مانگێكیشه هیچ بەشە ئاوێکمان پێنه‌گه‌یشتووه، بۆیه ناشتوانین لە بەنداوەکەوە ئاو بینێرین بۆ رووبار‌ى ئه‌ڵوه‌ن”.
ئاماژه به‌وه‌شده‌كات، بەنداوەکەیان لە زستانەوە پڕبووە و لەکۆی 39 ملیۆن مەتر چوارجا نزیکی 23 ملیۆن مەتری ئاوی پاک بووە و ئێستا تەنیا 18 ملیۆن مەتری ماوەتەوە.
وتیشی “ئاوی بەنداوەکەی ئەڵوەن تەنها بۆ خواردنەوە و ئاودانی باخەکانە و هیچ کشتوکاڵی لەسەر ناکرێت”.
عەبدولرەحمان محەمەد، جوتیارێکی دەوروبەری شاری خانەقینە و بە 964ـی وت، رووبار‌ى ئەڵوەن هیچ ئاوێکی نەماوە بۆ ئەوەی بەکاری بهێنن بۆ کشتوکاڵ، وتیشی “ئێستا پشتوپەنای جوتیارانى خانه‌قین تەنیا ئاوی ژێرزەویە”.
ئه‌و جوتیاره خۆشحاڵ نیه بە وشکبوونى یه‌كجارى ئه‌و رووباره، چونكه ده‌ڵێت، وشكبوونه‌كه‌ى کشتوکاڵ بە تەواوەتی لەناو دەبات.
سەربەست برزۆ، چالاکوان و مێژوونوسێکی خانەقینیە، باس له‌وه‌ده‌كات كه رووبار‌ى ئەڵوەن لە کۆتاییەکانی ساڵانی نەوەدەکانەوە ئاوەکەی کەمیکردووه و ئەمڕۆش بە تەواوى وشکبوووە، ده‌شڵێت “بە داخەوە كه رووبار‌ى ئەڵوەن وای به‌سه‌رهاتووه و هیچ کەسێکیش تا ئێستا نەیتوانیوە قسە لەگەڵ وڵاتی دراوسێ بکات بۆ ئەوەی چارەسەرێکی بۆ بکرێت” .
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن