بۆچی هەندێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی ئاوی زیاتریان بۆ دەچێت؟

964+
رێژوان مامە قادر

لە ناو شاری سلێمانی سێ رۆژ جارێک بۆ ماوەی سێ کاتژمێر ئاو دەدرێت بە هاوڵاتیان، بەڵام قسە هەیە لەناو خەڵکیدا کە هەندێک لە گەڕەکەکان ئاوی زیاتریان بۆ دەچێت.

بۆ ئەم بابەتە، 964 قسەی لەگەڵ ئامانج جەلال وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی ئاوی سلێمانی کرد، ئەو وتی بە یەکسانی ئاو دابەش دەکەن بەسەر سەرجەم گەڕەکەکاندا، بەڵام هەندێک هۆکار هەن، کە بەشێکیان ئاوی زیاتریان بۆ دەچێت و لە دەست ئەماندا نییە.

وتیشی، هەندێک کۆڵان کە لە نزیک ناوچەی پیشەسازین، یان بۆرییەکانیان ئاوی تێدا دەمێنێت، لەو کاتژمێرانە زیاتر ئاویان بۆ دەچێت، بەڵام هیچ کۆڵانێک نییە بە پێنج یان شەش رۆژ جارێک ئاویان پێبدرێت.

964 دەزانێت، شاری سلێمانی رۆژانە پێویستی بە زیاتر لە 500 هەزار مەتر سێجا ئاوە و ئاستی بەرهەمهێنانیش نزیکەی 300 هەزار مەتر سێجایە.