تەرمەکەیان وەرناگرنەوە

دوو ماتۆڕ سوارە بریندارەکەی کەرکوک گیانیان لەدەستدا

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

لەگەڕەکی دۆمیزی شاری کەرکوک، دوو ماتۆڕ سوار کە چەکیان پێ بووە لەلایەن هێزێک بە برینداری دەستگیرکران، دواتر هەردوو چەکدارەکە لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک گیانیان لەدەستدا.

رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی بووە، ئەو دوو ماتۆڕ سوارە لەگەڵ ‌‌هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووبونەتەوە، دواتر بریندار کراون و درەنگانی ئەمشەو هەردووکیان گیانی لەدەستداوە، ئەمەش بەوتەی سەرچاوەی پۆلیس

سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئاسایشی نیشتیمانی کەرکوک بە 964ی وت، “ئەمڕۆ دوای رووداوی تەقەکردنەکەی بەردەم نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک، چاودێری چڕی ماتۆڕسکیلەکانیان کردووە، دواتر دوو ماتۆڕ سوار لە گەڕەکی دۆمیز رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە”.

ئەو سەرچاوەیەی ئاسایش دەڵێت، “هەردوو گەنجەکە بە سەختی بریندار بوون، یەکێکیان دانیشتووی گەڕەکی کوردستان فەیلەقی کۆنە تەمەنی 20 ساڵە و ئەوەی دیکە خەڵکی هەولێرە و تەمەن 21  ساڵە”.

شاخەوان ئەحمەد خاڵی یەکێک لە کوژراوەکان بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت، “هیچیان چەکدار نەبوونە، کاری نانەواییان دەکرد، ئەوان ئەو ماتۆڕەیان بۆ کاری خۆیان کڕیبوو، تەرمەکەیان وەرناگرینەوە تا وەزیری ناوخۆ یان لایەنی بەرپرس نەیەنە سەر خەت”.

لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا، ئەوە سێیەم حاڵەتی تەقە کردنە لەلایەن ماتۆر سیکیلەوە، حاڵەتی یەکەم کوشتنی پاسەوانی بەڕێوەبەری پۆلیسی نەوجەوانانی کەرکوک لە گەڕەکی شۆراو، حاڵەتی دووەم ئەمڕۆ هەینی تەقە کردن لە ئەفسەرێکی پۆلیسی فریاکەوتن لە بەردەم نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک و بەسەختی بریندار کرا، حاڵەتی سێیەم رووبەڕوبونەوەی هێزە ئەمنییەکان بوو لە گەڕەکی دۆمیز.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی