پڕۆژەکە لە چوارچێوەی بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمە
لەمەودوا لەسەر کۆمپیوتەرەکەتەوە سکاڵا تۆمار بکە
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
هاووڵاتییان و فەرمانبەران لەمەودوا دەتوانن بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی سکاڵاکانیان بگەیەننە وەزارەتەکان و ئەنجوومەنی وەزیران. سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت؛ ئەوە پڕۆژەیەکی بەدیجیتاڵکردنی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمە.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم بە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی راگەیاندووە؛ ئەو پڕۆژەیە بە دامەزراوەییکردن و کەمکردنەوەى کاغەز و رۆتین و بەرز هەڵسەنگاندنى ماف و کاتى هاووڵاتییانە.
بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران، وەرگرتنی سکاڵا لە هاووڵاتییان و دامودەزگاکان یان فەرمانبەران ئەرکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانە.
“لەمەودوا هاووڵاتییان دەتوانن سکاڵاکانیان پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و دواتر بە شێوەیەکی فەرمی لە ماوەیەکی دیاریکراو و لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمیی حکومەتەوە وەڵامەکان وەربگرنەوە”، ئومێد سەباح وا دەڵێت.
بۆ تۆمارکردنی سکاڵای ئەلیکترۆنی پێویستە هەندێ زانیاریی کەسی پڕ بکرێتەوە و دواتر بە وردی سكاڵاکە بنووسرێت و بەڵگەنامەی سەلماندنی سکاڵاکانی هاوپێچ بکات، دواتر لایەنی تایبەتمەندی وەڵامدانەوەی سکاڵاكانی دیاری بکات و پاشان ژمارەی مۆبایل یان ئیمەیڵیش دیاری بکرێت بۆ ئەوەی لە کاتی چارەسەرکردن یا رەتکردنەوەی سکاڵاکانیان وەڵامیان پێ بدرێتەوە.
پڕۆسەکە لە لایەن فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەجێ گەیەندراوە.
هیوا فەندی، سەرۆکی فەرمانگەکە بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی راگەیاندووە؛ دانانی سیستەم بۆ گەیاندنی کاردانەوە و سکاڵای هاووڵاتییان یەکێک لە سیستەمە هەرە گرنگەکانی وڵاتان.
دەشڵێت؛ ئێمە تا کۆتایی ٢٠٢٥ بەو ئاراستەیە دەڕۆین، کە کاغەز لەناو دامودەزگاکانمان بەکار نەیەت و ناردنی نامە لە نێوان دامودەزگاکانی حکومەت هەمووی بکرێتە دیجیتاڵی.
بەدیجیتاڵکردنی کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێک لە کارنامەکانی کابینەی نۆی حکومەت بوو.
“کوردستان لە رووی دیجیتاڵبوونەوە ماویەتی، بەڵام ئەوەی کە لە کابینەی نۆیەم کرا، بنەمایەکی زۆر باش دەڕەخسێنێت، کە بتوانین کارەکانمان بکەین و بە بەراورد لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان قۆناغی زۆر گرنگمان بڕیوە.” هیوا فەندی وای وت.