باخی گشتی سلێمانی بەمزووانە ناکرێتەوە

964+

دیلان محەمەد – هەولێر
ڤیدیۆ

پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی باخی گشتی لە وادەی خۆی دوادەکەوێت کە بڕیاربوو لە ناوەڕاستی کانونی دووەمی ٢٠٢٣ بکرێتەوە، بۆ مانگی ئازار.

لە ١٤ی ئەیلولی ٢٠٢٢، ئەو باخە داخرا بە رووی هاوڵاتیاندا بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە، بەپێی دەرخستەی پرۆژەکە بڕیار بوو چوار مانگ بخایەنێت، بەڵام بە قسەی بەرپرسان دوو مانگی دیکەشی دەچێتە سەر.

ئەندازیار رەوف قادر، سەرپەرشتیاری نۆژەنکردنەوەی باخی گشتی سەر بە شارەوانی سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، بەھۆی ھەندێک کێشەوە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی باخی گشتی کەمێک دوادەکەوێت، قۆناغی یەکەم لە ٨ی کانونی دووەم تەواو دەبێت کە پێکدێت لە تەواوبوونی کۆنکرێتی راڕەوەکان و چاککردنی کورسی و دوو نافورەکەی ناوی.

دەشڵێت، قۆناغی دووەم لە ١٤ی کانونی دووەم تەواو دەبێت کە پێکدێت لە چاککردنی دیواری دەرەوەی باخی گشتی، بەڵام چاککردنی تەواوەتی دەگاتە مانگی ئازاری ٢٠٢٣.

964+ دەزانێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی ٩٠٠ مەتر چوار گۆشە کۆنکرێت کراوە و بەشی یەکەمی بودجەکەی ٣٠٤ ملیۆن دینارە، بەشی دووەمیش تا ئێستا نەخەمڵێندراوە و لەلایەن کۆمپانیای مایۆرکاوە بە ئەنجام دەگەیەندرێت.