راپۆرتێكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری وا دەڵێت

گیانلەدەستدانی دایکانی دووگیان و منداڵانی تازە لەدایکبوو کەمیکردووە

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

حکومەتی هەرێم ده‌ڵێت، ساڵ بە ساڵ لە هەرێمی کوردستان، گیانلەدەستدانی دایکانی دووگیان و منداڵانی تازە لەدایکبوو کەمیکردووە، بە جۆرێک لە ساڵی 2011 تاوه‌كو 2022، تا ئاستی خوارووی پێوەری جیهانی دابەزیوە.

کێ وا دەڵێت؟

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، بەپێی راپۆرتى وەزارەتی تەندروستی، لە ساڵی 2021، بۆ هەر 100 هەزار دایکێک لە هەرێمی کوردستان، 23 دایک مردوون و لە ساڵی 2022 رێژەکە زیاتر دابەزیوە و بۆ هەر 100 هەزار دایکێک 16 دایک گیانیان سپاردووە. بەو پێیەش هەرێمی کوردستان لەم رووەوە رێژەى مردنی دایکانی لە هەریەک لە وڵاتانی وەکو سعودیە، تورکیا، سوریا، میسر، ئەردەن، عێراق کەمترە و لە پێوەرى وڵاتانی زۆر پێشکەوتوو لە کەرتی تەندروستی و گەشەپێدانی مرۆیی نزیکبووەتەوە.

میدیا و زانیاری حكومه‌تى هه‌رێم روونیكردووه‌ته‌وه، ”مەترسیدارترین هۆکارەکانی مردنی دایکان لە کاتی سکپڕی، منداڵبوون یان لە دواى کاریگەرییەکانی منداڵبوون، بریتین لە خوێنبەربوونی توند، هەوکردن، بەرزەفشارى خوێن، لەبارچوون. لەم رووانەوە کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بە نەخۆشخانەکانی دایکانەوە، پێهەستانێکی کارایانەیان لە تۆمارکردنی نزمترین رێژەى مردن لە ساڵی 2022 بینیوە و رۆڵیان لە پاراستنی رێژەیەکی بەرزی گیانی دایکان هەبووە.”

باسی لەوەشکردووە، پێشکەوتنی کەرتی تەندروستی و گەشەپێدانی مرۆیی، بریتییە لە رێژەى مردنی منداڵانی تازە لەدایکبوو و منداڵانی خوار یەک ساڵی و منداڵانی خوار پێنج ساڵ.

”بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی، لە 10 ساڵی رابردوودا، رێژەى مردنی منداڵان بە بەردەوامی کەمبووەتەوە، بە جۆرێک لە ساڵی 2022 گەیشتووەتە نزمترن ئاستی خۆی. لە ساڵی 2011، رێژەى مردنی منداڵانی خوار پێنج ساڵ، بۆ هەر هه‌زار منداڵێک، 32 منداڵ بووە، مردنی منداڵانی خوار یەک ساڵییش، بۆ هەر هه‌زار منداڵێک، 28 منداڵ بووە، هەروەها بۆ منداڵانی خوار یەک مانگی، بۆ هەر هه‌زار منداڵێک، 21 منداڵ بووە.

بەڵام لە ساڵی 2022، ئاماری مردنی منداڵان دابەزیوە؛ مردنی منداڵانی خوار پێنج ساڵ بۆ هەر هه‌زار منداڵێک، 10.2 منداڵ بووە، مردنی منداڵانی خوار یەک ساڵی، بۆ هەر هه‌زار منداڵێک، 8,7 بووە، مردنی منداڵانی خوار یەک مانگیش بۆ هەر هه‌زار منداڵێک، 5.8 منداڵ بووە. لەو چوارچێوەیەدا، بەپێی ئاستی جیهانی (کە بۆ هەر 1000 منداڵێک، مردنی 18 منداڵ بووە)، هەرێمی کوردستان 5,8ـى تۆمار کردووە، بەوەش رێژەى مردنی منداڵانی لە پێش وڵاتانی وەکوو بەحرێن، ئێران، عێراق و یەمەنەوەیە و لە ڕێژەى قەتەر و ئیماراتەوە زۆر نزیکە.

فه‌رمانگه‌ى میدیاو زانیاری، باسی لەوەشکردووە، ”لە بارەى مردنی منداڵانی خوار پێنج ساڵی، ئاستی جیهانی مردنی منداڵان (کە بۆ هەر هه‌زار منداڵێک، 37.7 منداڵ بووە)، هەرێمی کوردستان لە 2022، مردنی 10.2 منداڵی بۆ هەر هه‌زار منداڵێک تۆمارکردووە، بەوەش زۆر لە ئاستی جیهانییەوە کەمتر بووە و لە خوار وڵاتانی ئەردەن و عێراقەوەیە.”

له‌باره‌ى هۆکارى سەرەکی گیانلەدەستدانی منداڵانى تازە لەدایکبوو و منداڵانی یەک ساڵی تا پێنج ساڵی، میدیا و زانیاری حكومه‌ت ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌، هۆكاره‌كه‌ به‌گشتى بریتییە لە لەدایکبوونی پێشوەختە، هەوکردنی سییەکان، سکچوون، کەموکووڕی لە پرۆسەى لەدایکبوون، مەلاریا، بەدخۆراكی، خنکان و کێشەى هەناسەدان.”