بازاڕی گۆشتی مریشک لە کوردستان دابەزی. فۆتۆ: 964
ئیتر مریشک بە دوو هەزار دینار بکڕن
+964
ئەحمەد مستەفا
نرخی یەک کیلۆی مریشک بوو بە دوو هەزار دینار و لە کاتێکدا لە سەروو دوو هەزار و 500 هەر کیلۆیەکی دەفرۆشرا، بەڵام زیاتر لەو رێژەیەش دابەزی.
ئەم دابەزینە لە نرخی مریشکی خۆماڵی زیانگەیاندنی نزیکەی 700 دینارە بۆ هەر کیلۆیەک لە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان، کە خۆیان دووهەزار و 700 دینار لەسەریان دەکەوێت.
هەفتەی رابردوو کە رێژەیەکی زۆر لە نرخی مریشک دابەزی، یەك كیلۆ مریشك بە دوو هەزار و 250 بۆ دوو هەزار و 200 دینار بوو.
ئەمڕۆ دووشەممە 24.7.2023، نازم عەبدوڵا سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان لە سلێمانی بە 964ی وت، “لە ئەمڕۆوە هاوڵاتیان لە دوکان و لای مریشک فرۆشەکان دەتوانن یەک کیلۆ مریشک بە دوو هەزار دینار بکڕن”.
هەناردەکردنی مریشک بۆ ناوەراست و خوارووی عێراقیش کەمبووەتەوە، بە وتەی نازم عەبدوڵا بێت، “كۆمپانیایەك لە بەغداد دامەزراوە، كە یەك كیلۆ مریشك كەمتر لە هەزار و 500 دینار لەسەری دەكەوێت و دۆلار بە 132 هەزار دینار وەردەگرێت و پێویستیی ناوخۆی عێراق دابین دەكات”.
نازم عەبدوڵا ئەوە بە هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی هەناردە و دابەزینی نرخی مریشک پێناسە کرد و زیاتر وتی، “دامەزراندنی ئەو كۆمپانیایە زیانی گەیاندووە و دەبێت رێوشوێنی پێویست و بەپەلە لە هەرێمی كوردستان بگیریتەبەر”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا