رێگەی ماوەران چەندین ساڵە بەتەواو نەكراوی جێهێڵراوە

+964
كوردستان ئەحمەد

لەوەتەی رێگەی ماوەران دروست كراوە، سایدێكی تا ئێستا تەواو نەكراوە و هیچ پلانێكیش بۆ تەواوكردنی نییە.

رێگەكە لە دەروازەی شەقڵاوە دەستپێدەكات و لە كۆتایی قەزاکە دەردەچێت، ئەم رێگەیە پێشتر دروستكراوە بۆ ئەوەی قەرەباڵغی ناو شەقڵاوە نەمێنێت، كە گەشتیاران لە دەڤەری سۆرانەوە دێنەوە بۆ هەولێر.

رێگەكە دوو سایدە، سایدێكی بە تەواوەتی تەواو كراوە و سایدی دووەمی تەواو نەكراوە، لە ناوەڕاستی رێگەكە تونێلێك هەیە پێی دەڵێن تونێلی ماوەران، نزیكەی نیوكیلۆمەتر دەبێت، تاریكە و هێڵكاری بۆ نەكراوە.

لە بەردەم تونێلەکە بەشێك لە رێگەكە داڕماوە و ناتوانرێت بەكاربهێنرێت، سێ ساڵە ئەو رێگەیە بەو شێوەیەیە.

ئیبراهیم شێخەڵڵا، قایمقامی قەزای شەقڵاوە، بە 964ی وت، تا ئێستا هیچ پلانێك نییە بۆ نۆژەنكردنەوە و چاككردنی رێگەكە، لەبەر ئەوەی ئێستا رێگەی نێوان شەقڵاوە بۆ هەریر لە پێچەكانی سپیلكەوە تا دەگاتە هەریر لە ژێر چاككردن و نۆژەنكردنەوەدایە.

رێگەكە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبەستێتەوە بە پارێزگای هەولێرەوە، لە نزیك گوندی بانەمان، دەگەڕێتەوە سەر هەمان رێگە، كە شەقڵاوە دەبەستێتەوە بە هەولێرەوە.