هەرێم دەیەوێت لە بوودجەی ٢٠٢٣ـی عێراقدا جێگەی بکرێتەوە

بۆ دروستکردنی بەنداو هەرێم هانا بۆ بەغدا دەبات

هەرێم دەیەوێت لە بوودجەی ٢٠٢٣ـی عێراقدا جێگەی بکرێتەوە

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

وەزارەتی کشتوکاڵ دەیەوێت لە بودجەی ٢٠٢٣ـی عێراق بڕە پارەیەک بۆ تەواوکردن و نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت و دەڵێ؛ بەنداوەکان بۆ سامانی ئاون و عێراقیش سوودی گەورەیان لێ دەبینێت.

964+  لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمەوە دەزانێت، لە ئێستادا دروستکردنی ١٧ بەنداو لە بەرنامەی وەزارەتەکە دایە، بەڵام دەیانەوێت حکومەتی عێراق تێچووی دروستکردن و هەروەها نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکانی تر بگرێتە ئەستۆ.

“بەنداوەکانی ستراتیژین و سەرتاسەری عێراق سوودی لێ دەبینن، بۆیە گرنگە حکومەتی عێراق بودجەیان بۆ دیاری بکات، پڕۆپۆزەڵمان داوەتە حکومەتی ناوەند و بەنیازین لەسەر ئاستی باڵاش وەفدێک بۆ ئەو مەبەستە بنێرینە بەغدا”، هیوا عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم وای بە 964+ وت.

بە پێی زانیارییەکانی 964+ کە لە هەمان وەزارەتەوە وەری گرتووە، جگە لە بەنداوە ستراتیژییەکانی وەک دوکان، دەربەندیخان و دهۆک، ١٢ بەنداوی تر لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بوونیان هەیە و توانای گلدانەوەی دە ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە.

هیوا عەلی دەڵێت؛ دیاریمان نەکردووە چەند بوودجەمان پێویستە، چونکە پێویستە لە عێراقەوە لیژنە بۆ ئەو مەبەستە پێک بهێندرێت، “بەڵام وتوومانە دەمانەوێت بودجەکە لە پڕۆژە یاسای ٢٠٢٣ـی عێراقدا جێگەی بکرێتەوە.”