سەلوان مۆمیکا پەیوەندی نێوان دوو وڵاتی تێکدا
964+
ئەحمەد عەبدوڵا
دوای 13 ساڵ لە کرانەوەی باڵیۆزخانەی سوێد لە عێراق ئەمڕۆ بە فەرمانی محەمەد شیاع سوودانی باڵیۆزی سوێد لە عێراق دەرکرا و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان عێراق و سوێد هەڵپەسێردران.
ناکۆکییەکان ئەو کاتە دەستیپێکرد کە 28ـی حوزەیرانی 2023 گەنجێکی عێراقی بەناوی سەلوان مۆمیکا لە بەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵمی سوێد قورئانی سووتاند، ئەو رووداوە کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە، هەرزوو کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق ناڕەزاییان دەربڕی.
لە دوای نیوەرۆی رۆژی 29.06.2023 لە بەغدا خۆپیشاندان لە پێش باڵیۆزخانەی سوێد دەستیپێکرد و دروشم لە دژی حکومەتی سوێد دەوتراوە و دەرگای سەرەکییان شکاند و داوای دەرکردنی باڵیۆزخانەکەیان دەکرد لە عێراق.
هەر لەو رۆژە وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە حکومەتی سوێد کرد، سەلوان مۆمیکا رادەستی عێراق بکەنەوە بۆ ئەوەی بە یاسای عێراقی دادگایی بکرێت.
بارودۆخەکە بەرەو ئارامبوونەوە دەچوو تا ئەوکاتەی سەلوان وتی “رۆژی 20ی تەمووز قورئان و ئاڵای عێراق لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوێد دەسووتێنم”، هەر زوو وەزیری دەرەوەی عێراق داوای لە سوێد کرد رێگری بکەن و موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر وتی، ئەگەر ئاڵای عێراق لەو وڵاتە بسووتێندرێت دەبێت حکومەتی عێراق هەڵوێستی توندی هەبێت، نەک تەنیا سەرکۆنە بکات و حکومەتی عێراقیش وتی بە سوێدیان وتووە ئەگەر ئەمجارە رێگە بە سووتاندنی قورئان بدەن، پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان لەگەڵ دەپچڕێنن.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دۆخەکە تەقییەوە، پێش ئەوەی سەلوان لە سوێد قورئان بسووتێنێ، خۆپیشاندەران لە عێراق هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی سوێد و لە کاتی دەوامی فەرمی ئاگریان تێبەردا، حکومەتی سوێد هەرزوو هاتە سەر خەت و وتی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەمان دژی رێکەوتننامەی ژنێفە.
سەلوان مۆمیکا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوێد بە قورئانێکەوە دەرکەوت و خەڵکێکی زۆریش لەوێ ئامادەبوون و داوایان لێدەکرد ئەو کارە نەکات، بەڵام دوای دڕاندنی قورئان و ئاڵای عێراق و بەرزکردنەوەی وێنەی خواناس وریا (ئەو گەنجەی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە ناو بازاڕی چەمچەماڵ کوژرا) شوێنەکەی جێهێشت.
دوای ئەوە، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی راسپارد، باڵیۆزی سوێد لە خاکی وڵاتەکەی دەربکات، هەروەها داوای کرد باڵیۆزی عێراق لە سوێد بکشێتەوە و بگەڕێتەوە عێراق.
سەلوان مۆمیکا تەمەنی 37 ساڵە و دەرچووی پەیمانگەی نەینەوایە بۆ گەشتیاری و هۆتێل، خۆی بە عێراقییەکی بێ ئایین دەناسێنێت، دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتی یەکێتیی سریانییە لە ساڵی 2014 بۆ 2018، ئێستا ئەندامی پارتی دیموکراسییەکانی سوێدە.