ئومێد خۆشناو: ناحیەی هەریر دەکرێت بە قەزا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە 964ـی وت، بەمزووانە ناحیەی هەریر دەکرێت بە قەزا و باسرمەش وەک ناحیە دەخرێتە سەری.

ئێستا ناحیەکانی هەریر و باسرمە هەردووکیان سەر بە قەزای شەقڵاوەن لە پارێزگای هەولێر.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر ئەم ئێوارەیە به‌ 964ی وت، “ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ نووسراوی به‌قه‌زاكردنی ناحیه‌ی هه‌ریرمان بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر ناردووه‌ و ئه‌وانیش كۆده‌بنه‌وه‌ و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دەن، دواتر ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌كرێت و پاشان ده‌چێته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، دواتریش له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌ مه‌رسوومێك بڕیاری به‌قه‌زابوونی هه‌ریر راده‌گه‌یه‌ندرێت.

ئومێد خۆشناو ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ریر ده‌بێته‌ قه‌زا، ناحیه‌ی باسرمه‌، كه‌ ئێستا له‌ رووی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ قه‌زای شه‌قڵاوه‌یه‌، ده‌خرێته‌ سه‌ر قه‌زای هه‌ریر.
هه‌ریر له‌ 1923 و ماوه‌ی 100 ساڵه‌ ناحیه‌یه‌، باسرمه‌ش له‌ 2007ـه‌وه‌ كراوه‌ به‌ ناحیه‌.