کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان: ناتوانین هەڵبژاردن لە هەرێمدا ئەنجام بدەین

964+

فەهمی نەبی

ئەمڕۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەوان ناتوانن هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، عیماد جەلیل سەرۆکی بەشی راگەیاندنی کۆمسیۆن بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، نصوسراوێکی فەرمی سەبارەت بە هەڵبژاردن لە هەرێم گەیشتووەتە دەستی ئەنجومەنی کۆمسیاران، لە کۆبونەوەی داهاتوودا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

بڕیارە لە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت.

لە 26.3.2023 سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری ژمارە 90 داوای لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد، لە هەمان کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش ئەنجام بدرێت.

عیماد جەلیل ئەوەشی وت، تا ئێستا یاسای هەڵبژاردنی کوردستانیان بەدەست نەگەیشتووە، ئەمەش یەکێکە لەهۆکارەکانی دیارینەکردنی وادەی هەڵبژاردن لە کوردستان، هاوکات کارەکانی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کوردستان کۆتایی هاتووە و ئەوان ناتوانن کاری هەڵبژاردن ئەنجامبدەن.

بڕیارەکەی کۆمسیۆن ئەوەشی لەگەڵە، کە ئەوان دەتوانن تۆماری دەنگدەرێک لە پارێزگاکانی ناوخۆی هەرێم لەنێوان پارێزگاکان گواستنەوەی بۆ بکەن، بەڵام ناتوانن گواستنەوە بۆ تۆماری هیچ دەنگدەرێک لە پارێزگایەکی هەرێم بۆ دەرەوەی پارێزگاکانی هەرێم ئەنجامبدەن.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، ئەوان 173 بنکەی تۆمارکردنیان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک کردوەتەوە، لەلایەن هەزار و 500 کارمەندەوە ئەو بنکانە سەرپەرشتی دەکرێن، هەموو رۆژەکانی هەفتە کراوەن بۆ نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری تەنانەت رۆژانی پشووش پێشوازی لەوانە دەکەن کە دەیانەوێت خۆیان تۆماربکەن.

بە گوێرەی وتەی ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 641 هەزار و 566 دەنگدەر، کە هەموو ئەو رێژەیە بە کارتی ئەلیکترۆنی ناکرێت، بەڵکو دەبێت بە شێوەی کاغەز بەڕێوەبچێت.