یارزانانی گازی باکوور.وێنە:سۆشیال میدیا
گازی باکور نازناوی لاوانی عێراقی بەدەستهێنا
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
لە پاڵەوانیەتی باسکەی لاوانی کچانی یانەکانی عێراق، یانەی گازی باکور پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
لە نێوان رۆژانی 14 بۆ 17ـی ئەم مانگە و لە هەردوو هۆڵی پێشمەرگە و ئەکادیمای خەونی وەرزش، پاڵەوانیەتی باسکەی لاوانی کچانی یانەکانی عێراق ئەنجامدرا.
بەخۆشحاڵییەوە دوای هەوڵێکی زۆر، ئەم پاڵەوانیەتییە هاتە شاری سلێمانی، لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆری یانەکان لە کوردستان بوون، ئەمە وتەی بیلال مەولوودی ئەندامی فیدراسیۆنی عێراق بوو بۆ 964.
وتیشی، هەرچەندە دەبوو هەشت یانە بەشداربوایە، بەڵام هەریەک لە یانەکانی ئافرۆدێت و سەنحاریب و دەربەندیخان بەهۆکاری جیاواز بەشداریان نەکرد.
دوای بەرێوەچوونی گشت رکابەرییەکان و لە یاری کۆتایدا، یانەی گازی باکور بە ئەنجامی 104 خاڵ بەرامبەر بە 24 خاڵ سەرکەوت بەسەر سەرچناردا و نازناوی خولەکەی بەدەستهێنا، یانەی قەرەقوشی شاری موسڵیش بە بردنەوەی لە ئەکادیمیای خەونی وەرزشی بە ئەنجامی 59 خاڵ بەرامبەر بە 24 خاڵ پلەی سێیەمی دەستەبەرکرد.
پێداچوونەوە: توانا نەقی