لە گەرمیان کەمئەندامی نوێ تۆمار دەکرێت
+964
میلاد جەلال – گەرمیان
لە لایەن لیژنەیەکی پزیشکی ھەمیشەییەوە ئەو کەمئەندامانەی گەرمیان دەبینرێت کە ناویان تۆمار کردووە لە رابردوو بۆ ئەوەی موچەیان پێبدرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2013ەوە، ناوی نوێی کەمئەندامان تۆمار نەکراوە.
لە گەرمیان نزیکەی زیاتر لە ھەزار کەس ناویان تۆمار کردووە، لەماوەکانی رابردوو 700 کەسیان لەلایەن لیژنەکەوە بینراون و نزیکەی 300 کەسیان ماوە لە یەک دوو ھەفتەی داھاتوو ئەوانەش تەواو دەبن، بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی گەرمیان وای وت.
پرۆسەکە کەمئەندامانی شەلەل دەماغ، داون، تالاسیما، کورتە باڵا، بیرکۆڵ، شەکرەی خوار 18 ساڵ دەگرێتەوە.
سەڵاح حەسەن بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی گەرمیان بە 964ى وت، پرۆسەی بینین نزیکەی دوو ھەفتەیە دەستیپێکردوە، لیژنە پزیشکیەکە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە و پێنجشەمە، لە سلێمانی دادەنیشن، بەپێی ریزبەندی تەمەن پێشتر ئەوانەی ناویان نوسیوە ئاگادار دەکرێنەوە کە چ رۆژێک بڕۆن سەردانی لیژنەکە بکەن.
وتیشی، “لە قوناغی دووەم و کۆتایی پرۆسەکەین و لەوانەیە لەیەک دوو ھەفتەی داھاتوو تەواو ببێت، دواتر ناوەکان دەنێردرێت بۆ وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی ناویان لە لیستی مووچە زیاد بکرێت.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کومەڵایەتی لە گەرمیان، نزیکەی شەش ھەزار کەمئەندام تۆمارن و مووچە وەردەگرن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی