شەڕی دوو بنەماڵە برینداری لێکەوتەوە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لەکۆمەڵگەی چڕەی پارێزگای دهۆک، شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵە دروست بوو، بەهۆی تەقەکردنەوە کەسێک بریندار بوو.
شەڕەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ روویداوە، یەکێک لە شایەدحاڵەکان دەڵێت، کێشەکە لەسەر زەوی و زار بووە و پێشتر ئەو دوو بنەماڵەیە لەسەر هەمان کێشە بووەتە شەڕیان.
ئەو شایەدحاڵەی قسەی بۆ 964 کرد، شەڕەکە لەبەردەم ماڵی ئەوان بووە دەڵێت، “رووداوەکە لەو کاتە روویداوە کە کەسێک لەناو ئۆتۆمبێڵەکەی بووە و لەلایەن چەند چەکدارێک تەقەی لێکراوە، بەهۆیەوە شەڕە تەقە دروستبووە و شۆفێرەکە فیشەک بەر قاچی کەوتووە”.
بەگوێرەی زانیاریەکان ئەو کەسەی بریندار بووە تەمەنی 33 ساڵە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی قەزای شێخان، ئێستا تەندروستی جێگیرە.
شایەدحاڵەکان دەڵێن بەزوویی پۆلیس هاتنە شوێنی رووداوەکە و دوو کەسیان دەستگیرکردووە.
964 چەندینجار پەیوەندی بە وتەبێژی پۆلیسی دهۆکەوە کرد، بەڵام پەیوەندیەکەی بەردەست نەبووە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی