پاڵەوانێتی باسکەی کچە لاوەکانی عێراق دەستیپێکرد

964+
یادگار محەمەد – سلێمانی

پاڵەوانێتی باسکەی لاوانی کچانی یانەکانی عێراق لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد.

بە سەرپەرشتی فیدراسیۆنی باسکەی عێراق و بە هاوکاری لقی سلێمانی، لە هۆڵی یانەی پێشمەرگە و بە بەشداری پێنج یانە، پاڵەوانێتی باسکەی لاوانی کچان بۆ یانەکانی عێراق دەستیپێکرد.

بیلال مەولوود ئەندامی فیدراسیۆنی باسکەی عێراق بە 964ـی وت، یەکەم چالاکی بۆ ئاستی لاوانی کچان لە ئەمساڵدا ئەم پاڵەوانێتیەیە کە رێکیانخستووە و پێنج یانە بەشدارییان تێدا کردووە.

وتیشی، پێش دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە دەبوو هەشت یانە بەشدارییان بکردایە، بەڵام هەریەک لە یانەکانی سەنحاریب و دەربەندیخان و ئافرۆدێت بە چەند هۆکارێکی تایبەت بە خۆیان بەشداریان نەکرد.

لەم پاڵەوانێتییەدا هەریەک لە یانەکانی گازی باکور و سەرچنار و قەرەقوش و سابیس و ئەکادیمای خەونی وەرزشی بەشدارییان کردووە، لە یەکەم رۆژی پاڵەوانێتییەکەشدا یانەی گازی باکور بە ئەنجامی 64 خاڵ بەرامبەر بە 18 خاڵ سەرکەوت بەسەر ئەکادیمیای خەونی وەرزشی، لە یاری دووەمیشدا یانەی قەرەقوش بە 34 خاڵ بەرامبەر بە 20 خاڵ شکستی بە رێکخراوی سابیس هێنا.