دیلۆیت: داهاتی سێ مانگی نەوتی هەرێم 946 ملیۆن دۆلار بووە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، حکومەتی هەرێم لەڕێگەی فرۆشتنی نەوت زیاتر لە 946 ملیۆن دۆلار قازانجی کردووە.
بەپێی ئاماری بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، خەرجی و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەگی یەكەمی ئەمساڵ کە لەلایەن کۆمپانیای دیلۆیت بڵاوکراوەتەوە، کۆی بەرهەمی نەوت 36 ملیۆن و 723 هەزار و 475 بەرمیل بووە، بڕی هەناردەكردنیش 32 ملیۆن و 307 هەزار و 382 بەرمیل بووە.
ئامارەکەی دیلۆیت ئەمڕ پێنجشەممە 13.7.2023 لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوکراوەتەوە، پێماندەڵێت، لەو ماوەیەدا بڕی نەوتی تەرخانکراو بۆ پاڵاوگە چوار ملیۆن و 39 هەزار و 232 بەرمیل بووە، هەروەها بڕی فرۆشی ناوخۆ 376 هەزار و 861 بەرمیلە.
ئەم ئامارە بۆ سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵە، واتە لە رێکەوتی 1.1.2023 تاوەکو 28.2.2023.
“داهاتی گشتیی نەوت لە هەرێمی كوردستان دوو ملیار و 199 ملیۆن و 684 هەزار و 396 دۆلار بووە، لە كاتێكدا تێکڕای نرخی بەرمیلێك نەوت 67.639 دۆلار بووە، لەم رێژەیەش داهاتی نەوتی ناوخۆ 22 ملیۆن و 98 هەزار و 456 دۆلار”، بەپێی ئامارەکەی دیلۆیت.
تێکڕای نرخی بەرمیلێك نەوتئ خاو بە 58.638 دۆلار دیاریکراوە و خەرجیی پڕۆسەی نەوتیش ملیارێك و 253 ملیۆن و 187 هەزار و 254 دۆلار بووە.