سبەی وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستپێدەکات

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە سبەینێوە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستپێدەکات بۆ ئەو کەسانەی، کە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 12.7.2023، ئامانج عەزیز، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن – لقی سلێمانی، بە 964ی راگەیاند، وادەی مانگێک بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دیاریکراوە و لە سبەینێوە تا رێکەوتی 11.8.2023 دەخایەنێت.

بڕیارە لە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی یەک مانگ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ حزب و هاوپەیمانیەتییەکان دەکاتەوە.

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، داواکاری بۆ دامەزراندنی 77 حزبی نوێ پێشکەشکراوە و 151 داواکاری بۆ تۆمارکردنی حزبی نوێ رەتکراونەتەوە.